کۆمسیۆن ئامادەیی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێم دەربڕی
(شێروان زرار)، گۆتەبێژی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ''دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و پاش دانوستانێکی زۆر بڕیار درا، کۆمسیۆن ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ١/١١/٢٠١٧دا و، تا کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم لە ٢٥ی ئەیلوولدا زۆربەی کەلوپەلەکانی تایبەت بە پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەگەنە ھەرێمی کوردستان و، کۆمسیۆن ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران، ئەویش بە پێشکەوتووترین ئامێری سەردەمیانە.''
رۆژی ١٢ی مانگی ڕابردوو سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان نامەیەکی فەرمیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی ڕادەستی کۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و ھەڵبژاردنەکانی کوردستان کرد، بۆ ئامادەکاریی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان.
گۆتەبێژی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''لە حەفتەی داھاتوودا داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەین لە ڕێی نوێنەرەکانیانەوە، خۆیان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا تۆمار بکەن و ھەر کەس و لایەنێکی دیکەش بیەوێت لە پڕۆسەکەدا بەشدار بێت و، لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە مەرجی بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردنەکاندا ھەبێت، ناوی تۆمار دەکرێت و مافی ھەیە خۆی کاندید بکات.''
ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ھەرێمی کوردستان جیاوازیی زۆری لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو دەبێت، چونکە بۆ یەکەمجارە ناوچە کوردستانییەکان لەو پڕۆسەیەدا بەشداری دەکەن و کۆمسیۆنیش ئامادەکاری بۆ بەشداریی ئەو ناوچانە دەکات.
(شێروان زرار) گوتیشی: ''سیستەمێ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی کوردستان بە شێوەی نیمچەکراوەیی دەبێت و ناوچە کوردستانییەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەک مووسڵ و کەرکووک بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستاندا دەکەن، بۆ ئاوارەکانیش بنکەی دەنگدان لە کەمپەکاندا دەکرێتەوە.''
kdp-
