محەمەد کەمال: بەغدا دەیەوێ بۆ نانەوەی کێشە حەشدی شەعبی لە کەرکووکدا دروست بکات؛ هەڵوێستمان دەبێ
چاودێرانی سیاسیی دەڵێن، حەشدی شەعبی ھێزێکی تائیفیی میلیشیایە و بە فەرمانی مەرجەعی شیعەکان دروست کراوە و لە زۆرینەی ناوچەکانی عێراقدا ھەن و بەوە ناسراون، تاوانی جەنگی ئەنجام دەدەن و بچنە ھەر ناوچەیەکیش وێرانکاری دروست دەبێت، بۆیە ئێستا ئەو ھێزە بووەتە جێگرەوەی سوپای عێراق و حکوومەتی عێراقیش بەردەوام ھەوڵی داوە، ھێزی دیکەی حەشدی شەعبی دروست بکات، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و ئێستا لیوایەکی نوێیان لە سنووری داقووق، سەر بە پارێزگای کەرکووک دروست کردووە، بە ناوی لیوای ئەحرار، بەڵام کورد لە کەرکووک دژی دروستکردنی ئەو ھێزەیە.
لەمبارەیەوە (محەمەد کەمال)، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمەش زانیاریمان ھەیە کە حکوومەتی عێراق لە سنووری کەرکووک، لە داقووق، لیوایەکی حەشدی شەعبی دروست دەکات، کە خەڵکی ناوچەکەن، تا ئێستا ئەو لیوایە چەکدار نەکراون، بەڵام بڕیارە لە کۆتاییی ئەم ھەفتەیەدا چەکدار بکرێن، چونکە ئێستا مەشقیان پێ دەکرێت، ئەمەش ئاڵۆزی و بشێوی بۆ کەرکووک دروست دەکات، لەبەر ئەوەی کەرکووک پێکھاتەیەکی ئاڵۆزی ھەیە و تەقەبوڵی ئەمە ناکات، ھێزی میلیشیای لێ بێت، چونکە ھێزی پێشمەرگە ماوەی سێ ساڵە ھەموو پێکھاتەکانی دەپارێزێت، بەبێ جیاوازی.''
(محەمەد کەمال ) گوتی: ''ھێزی پێشمەرگە، لە پێش کورددا پێکھاتەکانی دیکەی پاراستووە، چونکە ئەوان لە دەرەوەی کەرکووکن، بۆیە پێویست ناکات ھێزی میلیشیا دروست بکرێت، لە ناوچەکەدا، چونکە ئەمە بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخەکەیە.''
(محەمەد کەمال ) گوتیشی: ''ئیدارەی پارێزگا ئەو ھێزەی ڕەت کردووەتەوە و ئێمەش ڕەتی دەکەینەوە و ھەفتەی داھاتوو پشووی ئەنجوومەن تەواو دەبێت و کۆبوونەوەکانی ئێمە دەست پێ دەکاتەوە، بۆیە ھەڵوێستی خۆمان دەبێت لەسەر دروستکردنی ئەو ھێزەوە، لەبەر ئەوەی دژی دروستکردنی ھێزی میلیشیایین.''
دوای ئەوەی بەشێک لە سوپای عێراق چەکەکانی فرێ دا و سەنگەرەکانی خۆی لە ترسی ھێرشەکانی داعش چۆڵ کرد، ھێزی پێشمەرگە ماوەی سێ ساڵە پارێزگاری لە کەرکووک دەکات و زۆرینەی ئەو ناوچانەی لە دەستی داعشیشدا بوون، بە خوێن ڕزگاری کردوون و تا ئێستاش بە سەدان شەھیدی لەپێناوی کەرکووکدا داون، ھەربۆیە سەرکردایەتیی کورد بڕیاری داوە، بە ھیچ شێوەیەک جارێکی دیکە کەرکووک چۆڵ ناکەن.
kdp-
