زێباری: ئەم دەرفەتە بۆ سەربەخۆیی دووبارە نابێتەوە
رۆژی دووشەممە 14\8\2017، هۆشیار زێباری، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە پانێلێکی زانکۆی سەڵاحەدین، رایگەیاند، کوردستان لەگەڵ عێراق گەیشتووەتە بنبەست، بە تایبەت کە ئێستا سەرکردە عێراقییەکان باس لەوە دەکەن، کە لەمەودوا کار بە زۆرینەی پەرلەمانی ”واتە زۆرینەی شیعە“، دەکەن.
هۆشیار زێباری هەروەها رایگەیاند، هەرچەندە دەستووری عێراق رێگە لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ناگرێت، بەڵام حکوومەت و حزبە عێراقییەکان دژایەتیی ئەو هەوڵەی کوردستان دەکەن و ”رەنگە“ هەندێک خەڵکی کوردیش بدۆزنەوە بۆ دژایەتیکردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، هاوشێوەی رژێمی بەعس، کە چەندین کوردیان دۆزیبووەوە و بۆ ئامانجەکانی خۆیان، بەکاریان دەهێنان.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای ریفرراندۆمی سەربەخۆیی ئاماژەی بەوەش کرد، کە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان شەو و رۆژ کار بۆ پرسی ریفراندۆم دەکات، هەرچەندە ”ھەندێک ھێزی ناوخۆ و چەند وڵاتێک“ دژایەتیی ئەو پرۆسەیە دەکەن و هەوڵ دەدەن خەڵکی کوردستان بترسێنن.
زێباری پێی وایە ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان کۆتایی بە عێراق ناهێنێت و ئەو وڵاتە دەتوانێ لەگەڵ کوردستان ببێتە دراوسێیەکی باش.
هۆشیار زێباری هۆشداریی دا لەوەی ئەگەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام نەدرێ یان شکست بە هەوڵەکان بهێندرێت، ئەوا جارێکی تر ئەم دەرفەتە بۆ سەربەخۆیی کوردستان ”دووبارە نابێتەوە.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
باسنيوز
