کەناڵێکی بەناوبانگی ئەمریکی کوردستان لە سەر نەخشەی عێراق جیا دەکاتەوە
بەپێی ئەو نەخشەیەی کە کەناڵی (فۆکس نیوز)ی ئەمریکی لە هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی لەبارەی عێراقەوە بڵاویان دەکاتەوە کە نەخشەیەکی سرووشتییە و تەنیا سنووری دەوڵەتی عێراقی وەک کیانێکی سیاسی تێدا دەستنیشان کراوە، عێراق بە تەواوی کراوەتە دوو بەش، لە سەرەوە نووسراوە (کوردستان) کە سنوورەکەی لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و بەشێکی زۆری پارێزگای کەرکووک)، هەروەها ناوچەکانی (زوممار و شنگال) لە ڕۆژئاوای مووسڵ درێژ دەبێتەوە، تاوەکوو دەگاتە خانەقین و جەلەولا لەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە و شارۆچکەی (بەدرە) لە پارێزگای (واست) لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەغدا.
جیاکردنەوەی کوردستان لە عێراق لە لایەن میدیاکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە چەند ساڵێکە ئەو میدیایانە بانگەشەی ئەوە دەکەن، عێراقی یەکپارچە و یەکگرتوو کۆتایی هاتووە، هەرچەندە سیاسەتی ئاشکرای ئەمریکا باس لە پشتیوانیی خۆی بۆ یەکپارچەیی عێراق دەکات، بەڵام زۆر لە چاودێران وای دەبینن کە ئەو میدیایانەی ئەمریکا لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئەو نەخشە و زانیارییانەی باس لە کۆتاییهاتنی یەکپارچەیی عێراق دەکەن، زەمینەسازی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.
باسنيوز
