میسال ئالووسی: جیابوونەوەی كوردستان عێراق رزگار دەكات هەڵیناوەشێنێتەوە

 میسال ئالووسی: جیابوونەوەی كوردستان عێراق رزگار دەكات هەڵیناوەشێنێتەوە
میسال ئالووسی، سیاسییەكی قسە لەڕووە و نەیارێكی سەرسەختی حیزبە ئیسلامییەكانی عێراقە، ساڵی 1976 حوكمی لەسێدارەدانی لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە بۆ دەرچووە، ئەوكات لە قاهیرە بوو، لەوێوە رایكرد بۆ ئەڵمانیا. ساڵی 2003 كە رژێمی بەعس رووخا گەڕایەوە عێراق، لە شوباتی 2005دا پاش ئەوەی بە ئاشكرا وەك سیاسییەكی عێراقی سەردانی ئیسرائیلی كرد، لە بەغدا هەوڵی تیرۆركردنی درا و هەردوو كوڕەكەی بە ناوەكانی ئەیمەن 28 ساڵ و جەمال 24 ساڵ لە بەرچاوی خۆیدا كوژران.

ئالووسی سەرۆكی حیزبی ئوممەی عێراقی و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، بەڵام لایەنگرێكی سەرسەختی گشتپرسی و سەربەخۆیی كوردستانە. خۆی خەڵكی ئەنبارە، بەڵام دژی نەتەوەپەرستیی عەرەبە و پێیوایە بیركردنەوەیان فاشییانەیە.

ئالووسی لە ماڵەكەی خۆیدا لە دەرەوەی شاری هەولێر قسەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی "رۆژی گشتپرسی بە دەستێك ئاڵای كوردستان و بە دەستەكەی دیكەشم چەك هەڵدەگرم و بەرگری لە گشتپرسی دەكەم".

رووداو: پرسیارێكی تەقلیدی، بەڵام چارەنووسساز هەیە كە بەردەوام لە سیاسییە عێراقییەكانی دەكەم: دوای كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ چارەنووسی ئەم وڵاتە چی لێدێت؟

میسال ئالووسی: دەوڵەتی هاوچەرخ، پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری و رێزگرتنە لە مافی مرۆڤ. بونیادنانە، ژێرخانی ئابووریی و خوێندن و پێكەوەژیانە، بەڵام دەوڵەت لە بەغدا فاشیلە، هاوشێوەی دەوڵەتی پێش 2003یە، بۆیە وەكو هاووڵاتییەكی عێراقی، هەمیشە دەڵێم قسەكانی مەسعود بارزانی و مەسروور بارزانی زۆر راستن كە دەڵێن دەوڵەت لە عێراق فاشیلە و بوونی نییە. خەڵك لە بەسرەو عەمارە و بەغدا دەپرسن كوا دەوڵەت؟ كوا خزمەتگوزاری و كوا ئاوی خواردنەوە، بۆیە پێموایە رۆژی 25ی سێپتەمبەر كە رۆژی گشتپرسییە لە كوردستان، رۆژی رزگاركردنی هاووڵاتیانی عێراقە، نەك هەڵوەشاندنەوەی عێراق.



رووداو: ئەم قسەیە تا چەند لە موجامەلەكردنی سەركردایەتی كوردستان نزیكە، چۆن گشتپرسیی كوردستان هەڵوەشاندنەوەی عێراق نییە، ئەی سەرەتای پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە نییە؟

میسال ئالووسی: لەساڵی 1921ەوە ئێمە لە بەغدا خەریكی درۆكردنین، سەت ساڵە ئێمە دەڵێین شەڕ دەكەین، شۆڕش دەكەین، دەكوژین، دەبڕین،
سەربەخۆیی كوردستان، سەربەخۆیی دەداتە بەغدا لە ئێران و وڵاتانی دیكە

هەمووی درۆیە، بەداخەوە سەت ساڵە لە بەغدا درۆ زاڵە. ئاستی خوێندن، دەستی كار، خزمەتگوزاری زۆر خراپە، لە سەردەمی سەدامەوە تاوەكوو ئەمڕۆ ئێمە درۆ لەگەڵ خۆمان دەكەین، بۆیە 25ی سێپتەمبەر دەڵێ‌: سیستەمی حوكمڕانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شكستی هێنا، ئەمەش بووەتە كێشەی حاكمی بەغدا و وڵاتانی ئێران و توركیا و ئەمریكا و رووسیا. ئەگەر كورد رێز لە مافەكانیان بگیرابایە، گشتپرسییان نەدەكرد، بۆیە گشتپرسی پاڵپشتییەكی گەورەیە بۆ خەڵكی بەسرە، ئەنبار و پارێزگاكانی دیكەش تا داوای مافەكانیان بكەن.
ئەمە مانای هەرەسهێنانی سیستەمی حوكمڕانی و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتە لەلایەن ئیسلامی و قەومییەكان لە بەغدا. بۆیە ئەمە هەڵوەشاندنەوەی عێراق نییە، دەوڵەت واتا خزمەتگوزاری و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ، نەك دابەشكردنی مریشك. سەدام مریشكی دابەش دەكرد وایدەزانی پاداشتی میللەتی داوەتەوە. لەسەر دەوڵەت پێویستە خزمەتی خەڵك بكات، بۆیە ئەگەر گشتپرسیی كوردستان بەڕێوەبچێت خەڵكی پارێزگاكانی دیكەی عێراقیش داوای مافی خۆیان دەكەن. ئەو رۆژەی گشتپرسیی لە كوردستان بەڕێوەدەچێت حكومەتی بەغدا دەڕووخێ‌، ئەگەر بە حساباتی خۆیدا نەچێتەوە. ئەوپەڕی گاڵتەجاڕییە دەسەڵات و حكومەتێكی شیعی مافی تائیفی بە خۆی رەوا ببینێ‌، بەڵام مافی ئایینی بە ئێزدی و مەسیحی و سابیئە و پێكهاتەكانی دیكە رەوا نەبینێ‌. بۆیە بە كورتی سەربەخۆیی كوردستان، سەربەخۆیی دەداتە بەغدا لە ئێران و وڵاتانی دیكە.

رووداو: بە چ پێوەرێك دوای گشتپرسی دۆخی عێراق باشتر دەبێ‌، ئایا عەرەبی سوننە چییان لێدێت و هاوسەنگیی هێز و پێكهاتەكانی لە عێراق چی لێدێت؟

میسال ئالووسی: حاكمەكانی بەغدا لە دوای گشتپرسیی كوردستان دوو رێگایان لەبەردەمە، یان دەبنە دیموكراسی و دەستووری، یان دەبنە داعش و بەعسی و حوكمی دیكتاتۆری، ئەوان خەمی عێراقیان نییە درۆ دەكەن، خەمی دەسەڵات و پارەیانە، ئەگەر خەمی یەكپارچەیی عێراق و دەستووریان هەبووایە، مووسڵ و ئەنبار و سەڵاحەدین نەدەكەوتنە دەستی داعش. ئەگەر خەمی عێراقیان هەبووایە ئێستا میلیشیا لە شەقامەكان نەدەسووڕایەوە. روحێكی فاشی لە نێو عەرەب و موسوڵماندا هەیە لەگەڵ رێزم. بەشێك لە بەرپرسانی بەغدا پەرە بەو روحە فاشییە دەدەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان و مانەوەیان لە حوكم. بۆیە گشتپرسیی كوردستان ئازادی دەبەخشێتە هەموو عێراقییەكان بۆ داواكردنی مافەكانیان و ئەولەویەتدان بە مرۆڤ.

رووداو: ترسێك هەیە لەوەی كە كورد لە عێراق جیاببێتەوە عەرەبی سوننە تەفروتونا بن، ئەو ترسە تا چەند لە جێی خۆیەتی؟

میسال ئالووسی: بۆ ئێستا تەفروتونا نەبوون؟ ئێستا عەرەبی سوننە و شیعە تەفروتونا بوون. كێ‌ دەڵێ‌ شیعە ئازادە؟ نەخێر ئەوانیش دووچاری زوڵم و ستەم بوونەتەوە لەلایەن حیزبە ئیسلامییەكان، میلیشیاكان شیعە دەچەوسێننەوە بۆ ئەوەی لە ژێر دەستیان بمێننەوە.

رووداو: پێتوایە كورد پاساوەكانی بۆ دەرچوون لە عێراق بەهێزە؟

میسال ئالووسی: سەركردایەتیی كورد زۆر رێگای تاقیكردووەتەوە بۆ مانەوەی لەگەڵ عێراق و چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا، هەموو رێگاكان شكستیان هێنا، من عێراقێكی یەكگرتوو و دیموكراسیم دەوێت كە مافی كوردی تێدا پارێزراو بێت، بەڵام ئەو عێراقە نەهاتووەتەدی، عێراق لە مێژوودا دەژی، ئەگەر ئیرادەی مافی مرۆڤ لە كوردستان سەربكەوێت، گشتپرسی سەركەوتوو بێت لەوەی دەوڵەتێكی پێشكەوتووی كوردی دابمەزرێ، عێراق ناچار دەكات بگەڕێتەوە سەر دیموكراسی یاخود بە یەكجاری كۆتایی دێت.

رووداو: تۆ یەكێكی لە سیاسییە ناسراو و قسە لەڕووەكانی عەرەب لە عێراق، پێتوایە كاردانەوەی بەغدا لە حاڵەتی بەڕێوەچوونی گشتپرسی چۆن دەبێ‌؟

میسال ئالووسی: خەباتگێڕەكانی عێراق قوربانیدانی گەلی كورد باش باش دەزانن، كورد كە شۆڕشی لە دژی حكومەتەكانی بەغدا دەكرد، یەك
سەركەوتنی گشتپرسی، سەركەوتنی بەغداشە

عێراقیی تیرۆر نەكرد و پەنای نەبردە بەر تەقینەوە و توندوتیژی. لەدوای 2003 چەندین فەیلەقی سوپای عێراق لەبن دەستی كورد بوون، بەڵام تۆڵەیان لە هیچیان نەكردەوە. بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد بە چاوی قوربانی سەیری سەربازەكانی سوپای عێراقی كردووە. هیوادارم كورد بە هەمان ئەخلاق و رۆحیەت وڵاتی خۆی بونیاد بنێتەوە، زۆر دڵم بە قسەكانی مەسروور بارزانی لە واشنتن خۆش بوو كاتێك دەیگوت مافی سەرجەم پێكهاتەكان لە كوردستان پارێزراو دەبێ‌. بۆیە سەركەوتنی وڵاتێكی دیموكراسی لە كوردستان نەخشەیەكی سیاسیی تازە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەكات. سەركەوتنی گشتپرسی، سەركەوتنی بەغداشە. بۆیە ئەگەر كاردانەوەشیان هەبێ‌، لە پێناوی دروستكردنی دوژمنێكی وەهمییە لە كورد، وەكو چۆن دوژمنێكیان بۆ خۆیان بەناوی زایۆنیزم داتاشیوە.

رووداو: عەرەبی سوننە زۆرترین سنووری هاوبەشی لەگەڵ كوردستان هەیە، هەڵوێستی ئەوان چۆن دەخوێنیتەوە؟

میسال ئالووسی: پێش هاتنی داعش من ترسم لە هەڵوێستی عەرەبی سوننە هەبوو، بەڵام دوای كردنەوەی دەرگای سنوور و ماڵەكان لەلایەن هەرێمی كوردستان بە رووی عەرەبی سوننە، نزیكەی ملیۆن و نیوێك عەرەبی سوننە ئاوارەی كوردستان بوون. لێرە ئاسایش، ئاو و خۆراك و هاوكارییان پێشكەش كراوە. عەرەبی سوننە بە باشی كوردیان نەدەناسی، بەغدا كە خۆی بە پایتەختی ئیسلامی و دیموكراسی دادەنێت، قبوڵی نەدەكرد خەڵكی فەلوجە و ئەنبار بچنە ناو شارەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان دەرگای بۆ كردنەوە. ئەم هەڵوێستە بۆچوونی عەرەبی سوننەی بەرامبەر كورد گۆڕیوە.

رووداو: حەشدی شەعبی ئێستا لەسەر سنووری كوردستانە، خەڵك ترسی هەیە كە دووچاری شەڕێكی ناچاری ببێت، ئایا حەشدی شەعبی شەڕی كورد دەكات؟

میسال ئالووسی: هەموو حەشد هەڵوێستیان بەرامبەر كورد خراپ نییە، بەڵام ئەو حەشدەی پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە هەوڵی دروستكردنی كێشە
مەسعود بارزانی هەڕەشەی راستەقینەیە لەسەر ئێران

و ئاژاوە دەدەن. خاڵێكی دیكە هەیە، مەسعود بارزانی هەڕەشەی راستەقینەیە لەسەر ئێران، نەچوونە ژێرباری داواكارییەكانی ئێران لەلایەن مەسعود بارزانییەوە وا دەكات خەڵك لە عێراق و ناوچەكانی دیكەش دەنگی خۆیان هەڵبڕن و خۆیان لە هەژموونی ئێران رزگار بكەن.

رووداو: بەڵام هیچ وڵاتێكی دۆستی كورد تاوەكو ئێستا پشتگیریی گشتپرسی نەكردووە؟

میسال ئالووسی: ئێوە نابێ‌ چاوەڕێ‌ بن فڵان وەزیری دەرەوە پشتگیریتان بكات، پرسی گشتپرسیی كوردستان پەیوەندی بە هەموو ئازادیخوازانی جیهانەوە هەیە، كورد بە هاوسۆزی و پشتیوانیی ئازادیخوازان سەركەوتووە، بۆیە بە كەم سەیری ئەمە مەكەن.

رووداو: بەڵام ئەمریكاش داوای دواخستنی گشتپرسی دەكات؟

میسال ئالووسی: زۆربەی ناوەندەكانی بڕیار و كاربەدەستانی واشنتن پشتگیریی گشتپرسیی كوردستان دەكەن، بەڵام نایڵێن، من ئاگادارم لەم
مەسروور بارزانی، پشتگیریی گەورەی بەدەستهێناوە لە واشنتن

سەردانەی دوایی و ئەوەی پێشووش مەسروور بارزانی، پشتگیریی گەورەی بەدەستهێناوە لە واشنتن، بەڵام ئەویش نایڵێ‌.

رووداو: ئەگەر سەیری دۆخی نێوخۆی كوردستانیش بكەین، كۆدەنگییەك لەسەر گشتپرسی نابینرێت، ئێوە وەكو سیاسییەكی عەرەب چۆن ئەو دیمەنە دەبینن؟

میسال ئالووسی: هیچ كوردێك دژی گشتپرسی نییە، بەڵام مانۆڕ و تەكتیكی سیاسی بەكاردەهێنن. من رەحمەتی كاك نەوشیروان و سەركردەكانی
كاتێك بە تەنیا لەگەڵ سەركردەكانی گۆڕان دادەنیشم، هیچ كەسێكیان نییە رێز لە مەسعود بارزانی نەگرێت
گۆڕان دەناسم و زۆر رێزم هەیە بۆیان، ئەوانیش لەگەڵ سەركەوتنی ئەزموونی كوردستانن، بەڵام ئەوەی دەبینرێت ململانێی سیاسییە. هەر بۆ زانیاریت كاتێك بە تەنیا لەگەڵ سەركردەكانی گۆڕان دادەنیشم، هیچ كەسێكیان نییە رێز لە مەسعود بارزانی نەگرێت، هەموویان ریزی دەگرن. بۆ مێژوو پەرلەمانتارێكی ژنی گۆڕان كە هاوڕێیەكی خۆشەویست و بەڕێزە، رۆژێكیان لە فڕۆكەخانە بووین دەگەڕاینەوە هەولێر، گوتی پێڵاوەكانی مەسعود بارزانی زۆر لە سەركردە فاشیلەكانی بەغدا دەهێنێ‌، كەچی ئەو پەرلەمانتارە لە میدیاكانەوە رەخنە لە مەسعود بارزانی دەگرێ، بۆیە دەبێ‌ رێز لە بۆچوون، بەرژەوەندی و كاردانەوەی یەكدی بگرین.
ئەگەرنا لەڕووی ستراتیژییەوە كورد هەموویان یەك بۆچوونیان هەیە. هەموویان پشتگیری گشتپرسی دەكەن. هیچ تووشی شۆك نابم ئەگەر ئەنجامی دەنگدان بە بەڵێ لە سەرووی 90% بێت.

رووداو: تۆ بەهۆی سەردانیكردنی ئیسرائیل پارێزبەندیی یاساییت لە پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2008 لێ سەندرایەوە، دەڵێن پەیوەندیت لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، پێتوایە گشتپرسی پرۆژەی تەلئەڤیڤ بێت؟

میسال ئالووسی: (بە پێكەنینەوە) بەڕاستی نوكتەیەكی خۆشە، عەرەب پشتگیریی فەلەستینییەكان دەكەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ، بەڵام دژی كوردن دەوڵەتی هەبێ‌. لە كاتێكدا كورد نەتەوە، خاك و مێژووی جیاوازی خۆی هەیە.

رووداو: چ پێشنیازێكت بۆ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان هەیە بۆ گشتپرسی؟

میسال ئالووسی: ئومێد دەكەم لە پاڵ سندوقی گشتپرسی، سندوقێكی دیكە هەبێت بۆ عەرەب، توركمان و پێكهاتەكانی دیكە كە چییان دەوێت؟ دڵنیام دەنگی زۆرتر لە سندوقی گشپرسییەكە بۆ سەربەخۆیی كوردستان دێت. دەبێ‌ لە ئەمڕۆوە تا رۆژی گشتپرسی، كورد گوتاری خۆی یەكبخات و چاكسازی لە نێوخۆی بكات. بەڕاستی لە دڵەوە بریندارم كاتێك دەبینم گەنجی كورد لە ئیسكان و شوێنەكانی دیكە ئەوەندەی سەرقاڵی ریال و بەرشەن، ئەوەندە خەمی مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان نییە. دەرفەت لە بەردەم هیچ كوردێك نییە بینەری رووداوەكان بێت، بەڵكو دەبێ‌ ئاڵاهەڵگر بێت. ئێوە لە بەردەم دروستكردنی داستانێكی ئەخلاق و مرۆیی گەورەدان بۆ ئەوەی بە جیهانی بسەلمێنن كە شایستەی دەوڵەتن.

رووداو: وابزانم دوو ساڵە بارزانیت نەبینیوە، بەڵام یەكێكە لە دۆستە نزیك و دێرینەكانت، چ قسەیەكت بۆی هەیە؟

میسال ئالووسی: من پیاوێكم بڕوام بە یاسا و دەستوور هەیە، لەگەڵ مانەوەی كەس نیم لە هیچ پۆست و پلەیەكدا، ئێوە خۆتان دەڵێن كە ئامانجی
دەست بە بارزانییەوە بگرن، چونكە ئەو گوریسی رزگاربوونە لەو ناوچەیە
شۆڕشی كورد نەهاتووەتە دی و وڵاتی سەربەخۆتان دروست نەكردووە، مەسعود بارزانی بە درێژایی تەمەنی سەرۆك نەبووە، جیهانیش وەكو سەرۆك سەیریان نەكردووە، بەڵكو وەكو سەركردەیەكی نەتەوەی كورد سەیری دەكەن. با شتێكت بۆ بگێڕمەوە كە بۆ برایانی گۆڕانیشم گێڕاوەتەوە، چونكە ئێمە كە دادەنیشین زۆر رێز لە بۆچوون و بڕیاری یەكدی دەگرین. جارێكیان لە واشنتن كۆبوونەوەیەكی گرنگ و باڵامان لەگەڵ نوێنەری سەرجەم ناوەندەكانی دەسەڵات هەبوو، باسی هەڵوێستی هەرێمی كوردستانم لەسەر كێشەیەك لەگەڵ بەغدا كرد. بەرپرسانی ئەمریكا پێیانگوتم ئەو هەڵوێستە لە هەرێمی كوردستان هی كێیە. گوتم حكومەت، بەڵام تەئكیدیان لێكردمەوە لە نێو حكومەت هی كامە بەرپرسە. من وەڵامم نەدایەوە، بەڵام بەرپرسێكیان گوتی مەسعود بارزانیش وا بیر دەكاتەوە. منیش گوتم بەڵێ‌ ئەویش رای لەگەڵ حكومەتە. ئیتر بەرپرسەكان گوتیان ئێمە كۆبوونەوەكە دوادەخەین چونكە بابەتەكە جدییە، سەیری زنجیرەی رووداوەكان بكە. گوتم هەڵوێستی كوردە پێیان ئاسایی بوو، گوتم حكومەتە، هەر پێیان ئاسایی بوو، كاتێك زانییان بارزانیش هەمان بۆچوونی هەیە، راستەوخۆ ئاراستەی كۆبوونەكەمان گۆڕا. بە برادەرانی گۆڕانم گوت ئێوە خەباتگێڕن و هەموو تەمەنی گەنجیی خۆتان لە شۆڕشدا داناوە، بەڵام حەقیقەتێك هەیە جیهانی دەرەوە ئێوە ناناسێت، خەڵك مام جەلال، كاك مەسعود و كاك نەوشیروان دەناسن. ئێستا كاك نەوشیروان كۆچی دوایی كردووە خوا لێی خۆشبێت، مام جەلال نەخۆشە و تەنیا مەسعود بارزانی ماوە كە تاكە سەركردەی سیاسیی كوردە لە ژیاندا ماوە. جیهان رێزی دەگرن و متمانەی پێدەكەن. بۆیە زۆر ئاساییە گەلی كورد لە چواردەوری ئەو سەركردەیە كۆببنەوە. ئامۆژگاریی هەموو لایەنەكان دەكەم دەست بە بارزانییەوە بگرن، چونكە ئەو گوریسی رزگاربوونە لەو ناوچەیە. من كورد نیم، بەڵام ئاوات دەخوازم كورد دەوڵەتی خۆی هەبێ‌، بۆ زانیاریتان من رۆژی 25ی سێپتەمبەر لە كوردستان دەبم، بەبێ‌ دوودڵی بە دەستێكم ئاڵای كوردستان و بە دەستەكەی دیكەشم چەك هەڵدەگرم و بەرگری لە گشتپرسی دەكەم.




رووداو
Top