بەرهەم ساڵح بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لیست دروست دەكات"
بەرهەم ساڵح لە هەفتەی رابردووەوە لە هەولێر دەستی بە زنجیرەیەك چاوپێكەوتن و دانیشتن كردووە لەگەڵ ژمارەیەك گەنج و كەسایەتی بادینان و داوای پشتگیریی ئەوانی كردووە بۆ پرۆژەكەی.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو هەوڵەی د.بەرهەم كە حەزی نەكرد ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی راگەیاند "لە بادینان عەلی مستەفا ئۆرەماری كە پێشتر جێگری مەڵبەندی چواری یەكێتی بوو، خۆی وەكو بەرپرسی پرۆژەكەی د.بەرهەم ناساندووە و لەگەڵ چەندین چالاكڤان و كەسایەتی بادینان دانیشتووە و باسی پرۆژەكەی د.بەرهەمی بۆ كردوون".
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی "لەسەر زاری د.بەرهەمەوە بەڵێنی پۆست بەو كەسانە دراوە كە بۆ پرۆژەكەی بەرهەم ساڵح قسەیان لەگەڵ كراوە".
عەلی مستەفا ئۆرەماری، جێگری مەڵبەندی چواری یەكێتی لە بادینان پشتڕاستی كردەوە كە ئەو لەلایەن د.بەرهەم ساڵحەوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ خەڵكی بادینان بدات. عەلی مستەفا باسی پرۆژەی بەرهەم ساڵح بۆ (رووداو) دەكات و دەڵێت "دەمێكی درێژە د.بەرهەم ئامادەكاری بۆ ئەم پرۆژەیە دەكات، ئەوەش دوای بێئومێدبوونی جەنابی هات لە چارەسەركردنی رەوشی سیاسیی كوردستان و كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی".
بە گوتەی عەلی مستەفا، پرۆژەكەی بەرهەم ساڵح خۆی لە دروستكردنی لیستێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبینێتەوە و دەڵێت "خەریكە كاك بەرهەم بە تەواوی بێئومێد دەبێ لە چارەسەركردنی كێشە نێوخۆییەكانی كورستان و یەكێتی، بۆیە لەگەڵ ژمارەیەك كەسی پێلایەن، تەكنۆكرات و بزنسمان كە لایەنگری حیزبەكانی دیكەشی تێدایە، لیستێك بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ئامادە دەكات".
ئۆرەماری لەوباوەڕەدایە زۆر لە یەكێتییەكانی بادینان لەگەڵ پرۆژەكەی بەرهەم ساڵحدا دەبن و دەڵێت "د.بەرهەم پەیوەندی و دۆستایەتی كۆنی لەگەڵ زۆر كەسایەتی ئەكادیمی و میدیاكار هەیە و ئێستاش لەگەڵ گەنجەكان پەیوەندی باشی هەیە. تاوەكوو ئێستاش زۆر كەس پشتگیرییان لە پرۆژەكەی كردووە، ئێستا من سەرپەرشتیاری پرۆژەكەی بەڕێزیانم لە بادینان، رەنگە كەسی لە من باشتریش لە بادینان لە پرۆژەكەدابن، بەڵام بە ئاشكرا هەتا ئێستا خۆم سەرپەرشتی پرۆژەكەی دەكەم".
سەبارەت بە ناو و ناوەڕۆكی پرۆژەكەش، عەلی ئۆرەماری دەڵێت: "هەتا ئێستا پرۆژەكە ناوی هیوا و ئایندەیە، چەند پەیجێكیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەن كەسە نزیكەكانی د.بەرهەمەوە بەو ناوە دروستكراون، رەنگە پرۆژەكە بەو ناوە رابگەیەنرێ".
دوایین قسەی بەرهەم ساڵح لەسەر دۆخی یەكێتی، لەو بەیاننامەیەدا بوو كە لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی بەناوی ناوەندی بڕیار لە 1-9-2016 واژۆیان لەسەر كرد. ئیدی لەو كاتەوە بەرهەم ساڵح نە قسەی لەسەر یەكێتی كردووە، نە بەشداری كۆبوونەوەی ئۆرگانەكانی ئەو حیزبەی كردووە.
بەرزان ئەحمەد كوردە، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی پێشتر بە (رووداو)ی راگەیاندبوو "بەرهەم ساڵح بڕیاری داوە تا شكۆ و حورمەت بۆ سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی نەگەڕێتەوە، بەشداری كۆبوونەوەكان نەكات".
عەلی ئۆرەماری باسی مەرجی بەرهەم ساڵح دەكات بۆ پاشگەزبوونەوە لەو لیستەی كە بڕیارە دروستی بكات و دەڵێت "ئەگەر كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەو جۆرەی ئێستا بمێننەوە، ئەوە بە دڵنیاییەوە بەرهەم ساڵح بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لیستی دەبێ".
گوتیشی: "لەو باوەڕەداین دەنگێكی زۆر بهێنێ، بە تایبەتی لە هەولێر و دهۆك، چونكە هەتا ئێستا لەو دوو پارێزگایە ململانێی سیاسی نەبووە، لایەنێكی سیاسیش خۆی سەپاندووە، بەڵام ئەو سەردەمە رۆیشت".
عەلی دەڵێت هەر لە ئێستاوە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستیان بە بانگەشە بۆ پرۆژەكە كردووە، بەڵام لەگەڵ نزیكبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن كەناڵێكی ئاسمانی دەكەنەوە.
"لە فەیسبووك زانیومانە"
هەرێم كەمال ئاغا، بەرپرسی مەڵبەندی چواری بادینان سەبارەت بە هەوڵەكانی د.بەرهەم لە بادینان بە (رووداو)ی گوت: "ئێمەش لە رێگەی فەیسبووكەوە بیستوومانە كە كاك بەرهەم لەگەڵ چەند كەسێكی دەڤەری بادینان كۆبووەتەوە".
یەكێتی لە بادینان هیچ نوێنەرێكی لە پەرلەمانی كوردستان نییە، بەڵام لە پەرلەمانی عێراق نوێنەری هەیە. لە كۆی 28 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆكیش دوو ئەندامی هەیە. عارف روشدی تاكە ئەندامی بادینی بوو لە سەركردایەتیی یەكێتی، بەڵام وازی هێنا و لە نیسانی 2014 چووە ریزەكانی پارتی.
هەرێم كەمال ئاغا رەتیكردەوە كە پرۆژەكەی بەرهەم ساڵح كاریگەری لەسەر دەنگی یەكێتی لە بادینان هەبێ و گوتی "د.بەرهەم هیچ كاریگەری لەسەر جەماوەری یەكێتی لە بادینان نابێ". هەرێم كەمال ئاغا دڵنیایی دەداتە یەكێتییەكان كە كێشەكانی نێو یەكێتی چارەسەر دەبن و گوتی "دڵنیام ناگاتە ئەو راددەیەی بەرهەم ساڵح پرۆژە یان لیست رابگەیەنێ، تاوەكوو ئەو كاتە كێشەكان چارەسەر دەبن".
هەروەها خالد دۆسكی، كارگێڕی لقی یەكی پارتی لە دهۆك رەتیكردەوە كە پرۆژەكەی د.بەرهەم كاریگەری لەسەر ئەوان هەبێ و گوتی "چونكە سەرجەم ئەوانەی هەتا ئێستا پەیوەندیان پێوەكراوە لە بادینان یان كادری دیاری یەكێتین یان كۆنە یەكێتین".
بەرهەم ساڵح
- ساڵی 1960 لە سلێمانی لەدایكبووە.
- لە كۆتایی 1976 پەیوەندیی بە یەكێتییەوە كردووە.
- ساڵی 1979 دوو جار لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیركراوە و 43 رۆژ لە زیندان بووە.
- لە پۆلی شەشی ئامادەیی پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی كوردستان و سێیەمی عێراقی بەدەستهێناوە
- ساڵی 1983 بكالۆریۆسی لە ئەندازیاری مەدەنی و بیناسازی لە زانكۆی كاردیف لە بەریتانیا، بەدەستهێنا.
- ساڵی 1987 دكتۆرای لە ئامار و پراكتیزەی كۆمپیوتەر لە ئەندازیاری گشتی لە زانكۆی لیڤەرپول وەرگرتووە.
- ساڵی 1992 لە یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی بە ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی هەڵبژێردراوە.
- لە 2001 – 2004 سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (سلێمانی) بووە.
- ساڵی 2004 جێگری سەرۆكوەزیرانی حكومەتی كاتیی عێراق بووە.
- ساڵی 2005 جێگری سەرۆكوەزیرانی حكومەتی هەڵبژێردراوی عێراق لە سەردەمی نووری مالیكی بووە.
- دامەزرێنەری زانكۆی ئەمریكی لە عێراق – سلێمانی و سەرۆكی بۆردی زانكۆكەیە.
- ساڵی 2009 بووەتە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
- لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی لە 2010 بە جێگری دووەمی سكرتێری گشتی دەستنیشانكراوە
- خێزاندارە و كوڕێك و كچێكی هەیە.
رووداو
