هەزار ئاوارە لە كەركووكەوە گەڕاونەتەوە عوزێم
سەرچاوەیەك لە سوپای عێراق ئاشكرای دەكات تا ئێستە هەزار ئاوارە كە لە ٣٠٠ خێزان پێكهاتوون، لە كەركووكەوە گەڕاونەتەوە ناحیەی عوزێمی باكووری پارێزگای دیالە.
لە مانگی حوەزیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، بە هۆی شەڕ و پێكدادانەكانی هێزە ئەمنییەكان و چەكدارانی داعش، ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی ناحیەی عوزێم ئاوارە بوون.
غەسان عوبێدی ئەفسەر لە سوپای عێراق رایگەیاند "٣٠٠ خێزانی ئاوارە كە ژمارەی ئەندامەكانیان، هەزار كەسە، دوای تەواوبوونی رێكارە ئەمنییەكان، گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە ناحیەی عوزێمی باكووری پارێزگای دیالە ".
ئەفسەرەكە بۆ ئاژانسی هەواڵی (ئەنادۆڵو)ی توركی، ئاماژەی بەوەش دا كە ئەو خێزانانە بەڵێنیان داوە لە كاتی بینینی هەر حاڵەتێكی گومانلێكراو لە ناوچەكیان، هێزە ئەمنییەكانی لێ ئاگادار بكەنەوە.
ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانانی ناوچەكانی پارێزگای دیالە بە هۆی هێرشەكانی داعش بۆ سەر ناوچەكانیان لە میانی ساڵی ٢٠١٤دا، ئاوارەی پارێزگاكانی كەركووك، بەغدا، كەربەلا و نەجەف بوون.
لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤دا، داعش رووبەرێكی بەرفراوانی لە ناوچەكانی پارێزگای دیالە كۆنتڕۆڵ كرد بەڵام دواتر هێزەكانی سوپای عێراق بە پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئەو ناوچانەیان كۆنتڕۆڵ كردەوە.
bas news-
