هۆشیار زێباری: سەركردایەتی كوردستان پابەندی ئەنجامی ریفراندۆم دەبێت
زێباری لە دیدارێكی كەناڵی (ئەلحورە)دا، لەبارەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداوە رایگەیاند "بێ هیوابووین لە پشتگوێخستنمان لەلایەن حكومەتی بەغداوە. پۆستەكانی كوردیش لەناو حكومەت و دەسەڵاتی عێراقیدا، تەنها پۆستی ڕووكەشن و هیچ نرخێكیان نیە".
لەبارەی داوای وڵاتانیشەوە بۆ دواخستنی ریفراندۆم و بیانووی نەگونجاوی كاتەكەیەوە، زێباری گوتی "هیچ كاتێكی نمونەیی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە گۆڕێدا نیە".
هۆشیار زێباری لە وەڵامێكی ناڕاستەوخۆشی بۆ داواكانی ئەمەریكا بۆ دواخستنی ریفراندۆم، ئاماژەی بەوە دا كە "ئەمەریكا پێش زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ بۆ هەمان بابەت و لەسەر هەمان پرەنسیپ دەنگیان داوە لەپێناو سەربەخۆیی خۆیاندا، بۆیە ئێستە مافی ئەوەیان نیە گەلێكی تر لە هەمان پرەنسیپ بێ بەش بكەن".
گوتیشی كە ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی ئەمەریكا لە هەڵوێستی كورد تێدەگەن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی.
هەروەها گوتی كە ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، سەركردایەتی كوردستان پابەندی بڕیاری سەربەخۆیی دەكات، بەڵام راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بە پرۆسە دەكرێت و كاتی پێویستە.
ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم گوتیشی كە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە، لەگەڵ هەموو لایەنەكانی بەغدا، دواتر تاران و ئەنقەرە گفتوگۆ دەكەن.
زێباری گوتیشی عەبادی جیاوازیەكی ئەوتۆی نەبوو لەگەڵ مالیكی، لە سەردەمی حكوومەتی عەبادیدا تەنها بابەتی هاوئاهەنگی سەربازی گۆڕانی بەسەردا هات لە شەڕی دژ بە داعش، ئەگەرنا هەموو كێشەكانی تر وەكو خۆیان ماونەتەوە.
bas news-
