''پەکەکە دەیەوێت دەستی وڵاتانی هەرێمایەتی بۆ نێو کوردستان ڕابکێشێت''

''پەکەکە دەیەوێت دەستی وڵاتانی هەرێمایەتی بۆ نێو کوردستان ڕابکێشێت''
- مامۆستایەکی زانکۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات باڵێکی نێو پەکەکە دەیەوێت کێشە بۆ ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان دروست بکات و بەھانە بداتە دەست وڵاتانی دراوسێ، خاکی ھەرێمی کوردستان بکەنە ئامانج.

(ئیسماعیل مستەفا)، قایمقامی قەزای ئامێدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''تەنیا لە سنووری قەزای ئامێدی نیزیکەی ٢٠٠ گوند بە ھۆی ھەبوونی پەکەکەوە ئاوەدان نەکراونەتەوە، ھاووڵاتیانی گوندەکانی ناوچەکانی، نێروە، ڕێکان، نھێلی و دۆسکی، لە بەرھەمی گوندەکانیان بێبەش بوونە، پەکەکە بەوەش نەوەستاوە، ئێستا بنکە و بارەگای خۆی لە نیزیک گوندە ئاوەدانەکان داناوە، بۆ ئەوەی مەترسی بکەوێتە سەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان.

(شاکر حەسەن)، ھاووڵاتییەکی ناوچەی مێرگەسۆرە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت: ''دوای نسکۆ ئێمە لە گوندەکانمان بەزۆر گوازراوینەتەوە بۆ کۆمەڵگە زۆرە ملێکانی دەوروبەری ھەولێر و لەو ساوە گوندەکانمان ئاوەدانی بەخۆیەوە نەبینیوە، دوای ڕاپەڕین چەندین جار ھەوڵی ئاوەدانکردنەوەمان داوە، بەداخەوە چەکدارانی پەکەکە بنکە و بارەگایان لەو سنوورانە جێگیر کردووە، ئێستا یان پەکەکە خۆی کێشە بۆ ئێمە دروست دەکات، یانیش بەھانە دەداتە دەست وڵاتانی دەوروبەر، ئەگەر لەم قەیرانەدا ئێمە لە گوندەکانمان خەریکی کشتوکاڵ بووینایە، ئێستا ئەو ھەموو گەنجە بێکار نەدەبوون.''

دکتۆر (شێرزاد زەکەریا)، مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''باڵێکی نێو پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، پیلانی ھەیە لەگەڵ نیزیکبوونەوەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان کێشە لە نێو خاکی ھەرێمی کوردستاندا دروست بکات، تا بەھانە بدەنە دەست وڵاتانی ناوچەکە خاکی ھەرێمی کوردستان ببەزێنن و ببینە ئامانجی تۆپباران و بوردومانی وڵاتی تورکیا و ئێران، ئەمەش بە پاڵپشتی و پیلانی ئیقلیمیە و دەیانەوێت کێشە بۆ ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان دروست بکەن، ئەو ڕووداوانەی چەند ڕۆژی ڕابردووش ئەو ڕاستیە ئاشکرا دەکەن و نییەتی پەکەکە ئەوەیە، تا پێیان بکرێت، چالاکی دژی تورکیا ئەنجام بدەن و لەو ڕێگەیەوە تورکیا ناچار بکرێت، ھەرێمی کوردستان بکاتە ئامانج، ئەگەرنا وڵاتی تورکیا بەرفراوانە و تەقاندنەوەی بۆمبێک، یان تەقەکردن لە ھەندێ سەرباز، جگە لە کێشە دروستکردن بۆ ھەرێم ھیچ زیانێکی ئەوتۆ بە تورکیا ناگەیەنێت.''

ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ھەدەپە ھەڵوێستی جوامێرانە و کوردانەی ھەیە بەرامبەر بە پرسی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان، پێویستە پەکەکەش چاو لە ئەوان بکات و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان لەبەر چاو بگرێت، لەوەی کێشە دروست نەکات تا پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە بچێت و نەبێتە سەرچاوەی کێشە و ئاشووب لە ناوچەکەدا.''

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وڵاتانی ئێران و تورکیا بە بەھانەی ھەبوونی چەکدارانی پەکەکەوە ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج و بەو ھۆیەوە زیانی گیانی و ماددی بەر ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان کەوت.

دکتۆر (شێرزاد زەکەریا) گوتیشی: ''ڕێکلەوتنەکانی پێشووی عێراق لەگەڵ دراوسێکانی وای کردووە، ڕێگە بە وڵاتانی دەوروبەر بدات سنووری ھەرێمی کوردستان ببەزێنن، بێگومان لەگەڵ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان سیاسەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ئەوە بووە، ڕێز لە سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە بگرێت و ڕێگە نەدات ھیچ ھێزێک لە ھەرێمی کوردستانەوە بێتە سەرچاوەی کێشە بۆ دراوسێکانی.''
kdp--
Top