د. عەبدوڵڵا ئاگرین: بەرەی دژی ڕیفڕاندۆم کۆپییەکی نووری مالیکین

د. عەبدوڵڵا ئاگرین: بەرەی دژی ڕیفڕاندۆم کۆپییەکی نووری مالیکین
شرۆڤەکارێکی سیاسی پێی وایە، بەرەی نەخێر بە پاڵپشتی و ھاوکاریی نەیارانی کورد دامەزراوە و کۆپییەکی (نووری مالیکی)ـە لە ھەرێمی کوردستان و دەشڵێت، بەدیلی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی، ژێردەستەیی و ئەنفال و کیمیابارانکردنە و ھیچ کات پێشبینم نەدەکرد کەسانێک بەو شێوەیە دژی مافی میللەتی خۆیان بن.

دکتۆر (عەبدوڵڵا ئاگرین)، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەرەی دژە ڕیفڕاندۆم لە لایەن نەیارانی کوردەوە پاڵپشتی و ھاوکاری دەکرێن و بەڵگەی تەواویش لەبەردەستە، چونکە ئەوانە کۆپییەکی سیاسەتی (نووری مالیکی) لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن، ئەو (مالیکی)ـەی (عەبدولئەمیر زەیدی)ی ناردە سەر کوردستان و قووت و نانی خەڵکی ھەرێمی کوردستانی بڕی، ئەو (نووری مالیکی)ـەی ئێستا ھەموو ھەوڵێک دەدات، تاکو نەک کوردستان نەبێتە دەوڵەت، بەڵکۆ نینۆکی نەبێت سەری خۆی پێ بخورێنێت، سەرکردەکانی نێو حەشدی شەعبیمان بینی، کە چۆن ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوەیە سیاسەتی نەیارانی ئێمە، لەبەر ئەوە من پێم وایە ئەو جووڵانەوەیە دژی دۆزی کوردە و خۆیشیان دەڵێن، ئێمە دژی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانین. من تەمانای ئەوەم نەدەکرد خەڵکێک ھەبێت لە ھەرێمی کوردستان لەو دەرگا تاریکەوە بچنە نێو مێژوو، دژی میللەتی خۆیان بوەستن.''

بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم دوای ئەوە ھات، کە حکوومەتی بەغدا دوای بڕینی بوودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان، ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی١٤٠ی دەستووری عێراقی ڕادەستی داعش کرد و بەو ھۆیەوە کارەسات ڕووی دا.

ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''کوردستان بەو ڕەوشەی ئێستاوە بمێنێتەوە ھێرشمان دەکرێتە سەر لە لایەن عێراقەوە، ئەوانە دەیانەوێت کورد بە مەینەتی بژیت ئەوەش گرێیەکی ناخۆشە، بەدیلی ڕیفڕاندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، تەنیا ژێردەستی و ئەنفال و کیمیابارانە، من وەک پارتییەک ناڵێم، وەک ئەکادیمییەک ئەو قسەیە بۆ مێژوو دەکەم، دەبێ دەوڵەتی کوردستان لەسەر دەستی (مەسعوود بارزانی) دروست ببێت.''
kdp-
Top