پسپۆڕێکی سیاسیی؛ تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان نەخشەی ناوچەکە دەگۆڕدرێ
ساڵی ٢٠١٤ داعش ھێرشی کردە سەر مووسڵ و بەوھۆیەوە سوپای عێراق توانای بەرگریی نەبوو بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانیش کەوتنە بن کۆنتڕۆڵی داعش، بەڵام پێشمەرگە بە سەرۆکایەتیی (سەرۆک بارزانی) توانی تیرۆریستان لە ھەموو ناوچە کوردستانییەکان وەدەربێنێت و زیاتر لە ھەزار کیلۆمەتر سەنگەر بەرامبەر بە داعش گرێ بدات.
(د. شەمال حوسێن)، پسپۆڕی سیاسەتی دەرەکی لەو باوەڕەدایە کە ئێستا تەواوی جیهان دەزانێت، هەرێمی کوردستان وڵاتێکی سەقامگیرە و تاکەهێزی دیموکراسیشە لە ناوچەکەدا و دەڵێت: ''من دڵنیام بەشێکی ھەرەزۆری دەوڵەتانی جیھان، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی لەسەر ئاستی جیھان لە ڕووی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسییەوە متمانەیان ھەیە، دوای ئەوەی گرووپی تیرۆریستیی داعش لەسەر دەستی ھێزی پێشمەرگە و کوردستان شکستی ھێنا، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە ھێزێک ھەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لە ھەرێمی کوردستاندا، کە لە ڕووی دیموکراسی و ھێزەوە لە ھەموو ھێزەکانی دیکەی ناوچەکە باشترە. ھەرێمی کوردستان جەنگاوەر و شەڕکەری وەھای ھەیە بەرەنگاری ھەر ھێزێکی تیرۆریستی دەبێتەوە کە ھەڕەشە لەسەر ئابووری و ئاسایشی جیھان دروست بکات، کەواتە ئێمە، وەک ھەرێمی کوردستان، ڕەگەز و فاکتەرێکی زۆر ئەرێنیمان تۆمار کردووە.''
لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا پێشمەرگە توانی گەورەترین گورز لە تیرۆریستانی داعش بدات و ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتیش سەرسامن بە ڕۆڵی پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستان و (سەرۆک بارزانی) چەندین جار ڕایگەیاندووە، جگە لە سەربەخۆیی، ھیچ شتێکی دیکە قابیلی قوربانیدانی خوێنی شەھیدان نییە.
(د. شەماڵ حوسێن) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشڵێت: ''کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ھەردەم ئەم خاڵەی لەبەرچاوە، کە لە ئێستا و داھاتووشدا وڵاتانی جیھان مامەڵەیەکی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووری لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکەن، ھەتا کاریگەری دەبێت لەسەر بۆچوونی وڵاتان لەبارەی پرسی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستانەوە، چونکە لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا ھەرێمی کوردستان توانی سەرنجی جیھان بۆ لای خۆی ڕاکێشێت.''
ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و زۆرێک لە وڵاتانی جیھان بوونە ھاوپەیمانی کوردستان بۆ شکاندنی داعش و لە چەندین کۆنفڕانس و کۆنگرەی جیھانیدا ئاماژە بە ڕۆل و پێگەی کوردستان کراوە لە سەرکەوتنیان بەسەر داعشدا، ئەمەش وای کرد پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیھان فراوانتر بێت و ئێستا جیھان بە چاوێکی دیکە دەڕوانێتە پرسی ھەرێمی کوردستان.
(شەماڵ حوسێن) لەو باوەڕەدایە: ''ھەرچەندە دەگوترێت گۆڕانکاری بەسەر نەخشەی ناوچەکەدا دێت، بەڵام من لەگەڵ ئەوەدانیم، وڵاتانی زلھێزی ناوچەکە ھیچ کات ڕازی بن بەوەی نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕدرێت، لەبەر ئەوەی دەبێتە ھەڕەشە بۆسەر ئەوان، ئەگەریش ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان سەربگرێت، ئەوا تەنیا بو ھەرێمی کوردستان ئەو گۆڕانکارییە دەکرێت و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ناگرێتەوە.''
kdp-
