قایمقامی داقوق: داعش لەو شوێنە تەنیا ئێواران ھێرشیان کردووە
د. ئەمیر خواکەرەم، قایمقامی شارۆچکەی داقوق، ڕایگەیاند: "ھەر کاتێک داعش ویستبێتی لە سنووری چەمی ڕۆخانە (تەلحەمە) ھێرش بکات، لە دوای ئێوارانەوە ھێرشی کردووە، بەڵام ئەمجارە بە ڕۆژی ڕووناک ھێرشیان کردە سەر ئەو سێ سەنگەری پێشمەرگە، کە د نجمەدین کەریم، پارێزگای کەرکووک سەردانیکردن".
قایمقامی داقوق، ئەوەشی خستە روو: "داعش زانیویەتی کە پارێزگاری کەرکووک، سەردانی داقوقی کردووە، ھەروەھا دەچێتە سەنگەرەکانی پێشمەرگە، بۆیە داعش ئەوەی بە ھەل زانیوە، بۆیە کاتژمێر 12:10 نێوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 13/8/2017 لەوبەری چەمی ڕۆخانەوە، چەکدارانی داعش دەستیان بە تەقەکردن بە ڕووی سەنگەرەکانی پێشەمەرگەدا کردووە، بەڵام ھێزی پێشمەرگە وەڵامی ھێرشەکەی داعشی دایەوە".
پێشتر داعش لە سنووری چەمی ڕۆخانە ھێرشی کردبوویە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و ژمارەکی زۆر لە چەکدارانی داعش کوژران و ھێرشەکەیان تێک شکێنرا.
داقووق شارۆچکەیەکی کوردستانییە لە سنووری پارێزگای کەرکووک و دەکەوێتە دووریی 40 لە باشووری کەرکووک، دانیشتووانەکەی جگە لە کورد، لە نەتەوەکانی تورکمان و عەرەبیش پێک دێت.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای ھەرەس ھێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنیوز
