سەعدی پیرە: لە بەغدا هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەبینین کە هەڵوێستیان کاریگەرە

 سەعدی پیرە: لە بەغدا هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەبینین کە هەڵوێستیان کاریگەرە
ئەندامێكی مەكتەب سیاسیی یەكێتی و ئەندامی شاندی ڕیفراندۆم بۆ بەغدا ڕای دەگەیەنێت، بەغدا ئاگاداری سەردانەكەی ئێمەیە و حەیدەر عەبادیش ئامادەیی بۆ پێشوازی لە شاندی ڕیفراندۆم دەربڕیوە.

سەعدی ئەحمەد پێرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامی شاندی ڕیفراندۆم بۆ بەغدا ڕایگەیاند: "سبەی دووشەممە 14/8/2017 شاندی ڕیفراندۆم سەردانی بەغدا دەكات، بەغداش لە ڕۆیشتنی شاندەكە ئاگادارە، هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا ئامادەیی خۆی بۆ پێشوازی لە شاندی ڕیفراندۆمی بۆ بەغدا دەربڕیوە، ئێوارەكەشی میوانی حەیدەر عەبادی دەبین و قسەی لەگەڵ دەكەین و پێداچوونەوە بە بەرنامەكانماندا دەكەینەوە".

ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ڕاشی گەیاند: "ڕۆژی دووەمی سەردانەكەیان سەركۆماری عێراق دەبینن، هەروەها لە بەرنامەیان دایە، كە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق كۆ ببنیەوە و ئەو بەرپرسانەی عێراق ببینن كە قسەیان كاریگەریی هەیە، لەوانە (سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، سەرۆكی ئێستای پەرلەمان، سەرۆك پێشووی پەرلەمان، وەزیری دەرەوەی عێراق، هەروەها ئەو كەسانەی كە لە مەرجەعییەتی شیعە و سوننە و عەلمانییەكانن".

سەعید ئەحمەد پیرە لە کۆتاییدا دەشڵێت: "هەموو بەرنامەكانمان لەلایەن پرۆتۆكۆڵی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە داڕێژراون و ئامادە كراون، هاوكات تا ئێستا دیار نییە چەند ڕۆژ لە بەغدا دەمێنینەوە، بەڵام تا ئەوكاتەی ئیشمان لەوێ هەبێت و ئیشەكانمان تەواو دەكەین، دەمێنینەوە".











باسنیوز
Top