نەجمەدین کەریم: ئەو شاندەی کوردستان دەچێتە بەغدا نوێنەرایەتیی کەرکووکیش دەکا
ئەمڕۆ یەکشەممە 13/8/2017، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک، بە میدیاکانی ڕاگەیاند، ئەوەی ناوچەکانی سنووری کەرکووکی بۆ داعش جێهێشت، پێشمەرگە نەبوو، بەڵکوو پێشمەرگە داعشی لە ناوچەکان وەدەر نا. جەختیشی لەوە کردەوە: ”پێشمەرگە چۆن بەشیری ڕزگار کرد، بە دڵنیاییەوە شوێنەکانی دیکەی کەرکووک لە داعش پاک دەکاتەوە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە داوایان لە حکوومەتی عێراق کردووە، بڕیاری ئازادکردنی حەویجە بدات، وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی گشتیی پێشمەرگە و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ”هەموو کات ئامادەبوون بەشداری لە ئازادکردنەوەی حەویجە بکەن، بەڵام بەهۆی پێشمەرگەوە نییە کە ئازادکردنەوەی حەویجە دواکەوتووە“.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا نەجمەدین کەریم لەبارەی چوونی ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ڕای گەیاند: ”ئەو شاندەی دەچێتە بەغدا، نوێنەری هەرێمی کوردستانە و ئەوان نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی کوردستان دەکەن، کەرکووک بەشێکە لە کوردستان و ئەو شاندەی دەچێتە بەغدا، ئێمە بە نوێنەری خۆمانی دەزانین“. دووپاتیشی کردەوە: ”خەڵکی کەرکووک پێشوازی لە ڕیفراندۆم دەکات و بەشداریش لە دەنگدان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکات“.
باسنيوز
