پارێزگاری کەرکووک: شاندی کوردستان بۆ بەغدا نوێنەرایەتی ئێمەش دەکات

 پارێزگاری کەرکووک: شاندی کوردستان بۆ بەغدا نوێنەرایەتی ئێمەش دەکات
پارێزگاری کەرکووک رایدەگەیێنێ، ئەو شاندەی دەچێتە بەغدا نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی کوردستان دەکات، کەرکووکیش بەشێکە لە کوردستان و هەر کەسێک لەو شاندە بڕوات بە شاندی خۆیانی دەزانن. دڵنیاشە لەوەی خەڵکی کەرکووک پێشوازی لە گشتپرسی دەکەن و لە 25ی ئەیلوولدا بەشداری پرۆسەکە دەکەن.

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک، لەکاتی بەسەرکردنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە باشووری کەرکووک کە لەماوەی رابردوودا داعش هێرشی کردبوونە سەر، رایگەیاند: "بە ناوی هەموو خەڵکی کەرکووک سوپاسی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەم، ئەوان تەنیا بۆ پاراستنی نەتەوەیەک نەهاتوون، بەڵکو بۆ پاراستنی هەموو نەتەوە و پێکهاتە و ئایینەکانی کەرکووک لێرەن".

نەجمەدین کەریم گوتی: "ئەوەی کەرکووکی بەدەستەوەدا، بەتایبەتی ناوچەی حەویجە و دەوروبەری پێشمەرگە نەبوو، بەڵکو پێشمەرگە هات و داعشی دەرکرد، دڵنیام هەر پێشمەرگەش داعش لەو ناوچانە وەدەردەنێت، چۆن پێشمەرگە بەشیری رزگارکرد، دڵنیاشم رۆڵی سەرەکی لە رزگارکردنی شوێنەکانی دیکەی کەرکووکدا دەبێت".

سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی حەویجە پارێزگاری کەرکووک گوتی: "زۆرجار باسی ئەو بابەتەمان کردووە و داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە بڕیاری ئازادکردنی حەویجە بدات، پێشمەرگە لەو رووەوە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، وەزارەتی پێشمەرگە و سەرکردایەتی پێشمەرگە و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش هەموو کاتێک ئامادەبوونە، بۆیە هۆکاری دەستپێنەکردنی ئۆپەراسیۆنی حەویجە پەیوەندی بە پێشمەرگەوە نییە".

سەبارەت بە چوونی شاندێکی کوردستان بۆ بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی گشتپرسی و نوێنەری کەرکووک لە پێکهاتەی شاندەکە، نەجمەدین کەریم گوتی: "ئەو شاندەی دەچێتە بەغدا نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی کوردستان دەکات، کەرکووکیش بەشێکە لە کوردستان، هەر کەسێک لەو شاندە بڕوات بە شاندی خۆمانی دەزانین".

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک دڵنیایی دا لەوەی خەڵکی کەرکووک پێشوازی لە گشتپرسی دەکەن و لە 25ی ئەیلوولی ئەمساڵدا بەشداری پرۆسەکە دەکەن.






رووداو
Top