سوپای عێراق ئامادەیە بۆ هێرشکردنە سەر تەلەعفەر
فەریقی یەکەمی روکن عوسمان ئەلغانمی، سوپاسالاری عێراق بە کەناڵی (RT)ی راگەیاندووە، کە پلانی تەواویان بۆ رزگارکردنەوەی تەلەعفەر داڕشتووە و هێزەکانیشیان بە تەواوی لە حاڵەتی ئامادەباشیدا.
فەریقی یەکەمی روکن عوسمان ئەلغانمی هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەوان چاوەڕێی فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر شارۆچکەکە دەکەن.
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە 17.10.2016 دەستی پێ کرد و دوای نۆ مانگ، تەنیا ناوەندی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە و شارۆچکەی تەلەعفەر و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ماونەتەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
