ئەحمەد کانی: هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی گشتپرسی نییە
ئەحمەد کانی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی پاکێجی نوێی گۆڕان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی رایگەیاند: "دەبێت پرسی سەربەخۆیی و ئەنجامدانی گشتپرسی وەکو پرۆسەیەکی نیشتمانی سەیربکرێت، کارتێکی زۆر گەورەی نیشتمانییە، ناکرێت بکرێتە کارتێکی سیاسی و هیچ حیزبێک بۆ مەرامی تایبەتی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکات".
ئەحمەد کانی دەڵێت: "هەموو تەنازولەکانی پارتی بۆ ئەوەیە گشتپرسی لە 25ی ئەیلوول ئەنجام بدرێت، برادەرانی گۆڕان کە داوای دواخستنی ئەو پرۆسەیە دەکەن، بە بڕاوی من وەکو ئەحمەد کانی ئەمە پرسێکی حیزبییە".
ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی دەپرسێت: هۆکار چییە داوای دواخستنی گشتپرسی دەکرێت و کێ لە دواخستنی گشتپرسی قازانج دەکات؟، دەشڵێ: "دواخستنی گشتپرسی هیچ پاساوێکی نییە و هیچ پاساوێکیش هەڵناگرێت، ئەوەی منیش لێی دڵنیابم زۆر ئەستەمە پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزب و لایەنەکانی دیکەی کوردستان بە دواخستنی وادەی ئەنجامدانی گشتپرسی رازی ببن".
لە ئەگەری دانانی مەرجی کۆنکرێتی و نەهاتنەپێشەوەی گۆڕان بۆ نێو پرۆسەکە، ئەحمەد کانی گوتی: "لە کۆتاییدا هیچ ئەگەرێک نابێتە کۆسپ لەبەردەم ئەنجامدانی گشتپرسی، لەبەرئەوەی ئێستا رۆژ بە رۆژ خەڵکی کوردستان و رۆشنبیرانی کوردستان دەبینین، ئێستا رۆژ لە نیوەڕۆیەو لە نێوەڕاستی ئاسمانە و هەموو شتێک دیارە، بۆیە ئێمە ئومێد دەکەین هەموو لایەنەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستان بە گیانێکی نیشتمانییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی گشتپرسی بکەن و بەهیچ شێوەیەک بۆ مەبەستی حیزبی بەکاری نەهێنن".
رۆژی شەممە 13-8-2017، بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیێندراوێکدا بەفەرمی وەڵامی پارتی دیموکراتی کوردستانی دایەوە بۆ دانوستاندن و چارەسەرکردنی کێشەکان، یەکێک لە مەرجەکانیشی بۆ دانوستاندن دواخستنی گشتپرسی بوو.
لە راگەیێندراوەکەی گۆڕاندا هاتبوو: "بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە (25-9-2017) لە دەرەوەی زەمینەسازی یاسایی و هەلومەرجی لەباری سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتی دراوە، بەتایبەتی کێشەی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان. بۆیە پێویستە ئەم پرسە بۆ کات و هەلومەرجێکی لەبار دوابخرێ و بخرێتەوە بەردەم پەرلەمانی کوردستان".
رووداو
