کۆچەری و جووتیاران لەترسی تۆبپارانەکانی ئێران کوێستانەکان جێ دەھێڵن

 کۆچەری و جووتیاران لەترسی تۆبپارانەکانی ئێران کوێستانەکان جێ دەھێڵن
ئەمڕۆ شەممە، ژمارەیەک کۆچەری و جووتیاران لە ترسی دووبارە بوونەوەی تۆپبارانەکانی ئێران، کوێستانەکانی حاجی ئۆمەرانیان جێھێشت.



عەبدولڵا حاجی، شوانێکی کۆچەرییە راگەیاند: "ساڵانە لەگەڵ ھاتنی وەرزی گەرما، بە مەبەستی بەخێوەکردنی مەڕ و ماڵات، ئاژەڵداری و کاری کشتوکاڵی، ژمارەیەکی زۆری کۆچەری و جووتیاران روودەکەنە کوێستانەکانی ناوچە سنوورییەکان لە سنووری حاجی ئۆمەران لە دەڤەری باڵەکایەتی، کەچی بەداخەوە لەسەر خاکی خۆمان لەپاراستنی سەرو ماڵ و گیانمان دڵنیانین، چونکە چەندین جار لەلایەن سوپای پاسداران ئەو ناوچانە بە بیانووی جیاواز بۆردوومان دەکرێن، لە نێوانیشدا ئێمە باجەکەی دەدەین و تائێستا چەندین کەس بەھۆی ئەو تۆپبارانانە برینداربوونەو زیانی زۆری ماڵیشمان بەرکەوتووە".



ئەو ھاووڵاتییە، ئەوەشی خستە روو: "لە ترسی دووبارەبوونەوەی ئەم تۆپبارانانەی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ شەممە 12/8/2017 ژماریەکی زۆر لەو کۆچەری و جووتیارانی کوێستانەکانی سنووری حاجی ئۆمەران، شوێنەکەیان جێھێشت و بەرەو دواوە گەڕانەوە".



ئێوارەی ھەینی 11/8/2017 سوپای پاسدارانی ئێران، بناری ھەڵگۆرد لەسنووری حاجی ئۆمەران تۆپباران کرد، ھەروەھا لەماوەی رابردووشدا چەندجارێک ئەو ناوچە سنوورییانە بۆردومان کراون، ئەوەش ترس و دڵەرەوکێی لەدلی ھاووڵاتییانی ئەو ناوچانە دروست کردووە.
BAS NEWS-
Top