ھەزار ئاڵای کوردستان لە سعودیە دابەش دەکرێت
بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقاف، ئاشکرای دەکات لە ھەندێک شوێن لە سعودیە بە ناوی (حاجیانی دەوڵەتی کوردستان) بانگی حاجیانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.
نەبەز ئیسماعیل، بەرپرسی تیمی راگەیاندنی حاجیانی ھەرێمی کوردستان لە سعودیە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەمساڵ لە ھەندێک شوێنی سعودیە ناوی حاجیانی کوردستان بە (حاجیانی دەوڵەتی کوردستان) بانگ دەکرێن، لە بەشێک لە فڕۆکەخانەکان بۆ نمونە لە فڕۆکەخانەی مەدینە، کارمەندان و بەرپرسانی فڕۆکەخانەکە بە حاجیانی ئێمە دەڵێن بەخێر بێن حاجیانی دەوڵەتی کوردستان".
بەرپرسی تیمی راگەیاندنی حاجیانی ھەرێمی کوردستان لە سعودیە، ئەوەشی خستە روو: "کاتێک بەرپرسانی سعودیە و کارمەندانی فڕۆکەخانەکان دەزانن کوردین، بە گەرمی بەخێرھاتنمان دەکەن و لە ھەموو حاجیانی کورد پێشوازییەکی زۆر باش دەکرێت".
ئاشکراشی کرد: "زیاتر لە ھەزار ئاڵای کوردستان ئامادەکراوە و دابەشی سەر حاجیانی کوردستان دەکرێت، تا ئێشتاش گشت حاجیانی کوردستان بەسەلامەتی گەیشتوون".
تائێستا 3 ھەزار و 296 حاجی ھەرێمی کوردستان گەیشتۆتە سعودیە، بە گشتی ئەمسال، ھەموو حاجیانی ھەرێمی کوردستان 4 ھەزار و 869 کەسن، بڕیارە 16/8/2017 دوا سەفەری حاجیانی کوردستان بێت بۆ وڵاتی سعودیە.
BAS NEWS-
