شاندێکی رێکخراوی یارییەکانی ئاشتی سەردانی کوردستانی کرد
ئەمڕۆ شەممە 12/8/2018 د. ئیڤ ئەنجیلۆ، سەرۆک و دامەزرێنەری رێکخراوی یارییەکانی ئاشتیی جیھان (Jeux Mondiaux de la Paix)، بە سەردانێکی فەرمی و بۆ ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەک لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان و ئاوارەو پەنابەران، گەیشتە ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ پەخشان زەنگنە، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، کۆبوویەوە.
شاندی رێکخراوی یارییەکانی ئاشتی جیھان، کە پێکھاتبوو لە د. ئیڤ ئەنجیلۆ، سەرۆک و دامەزرێنەری رێکخراوەکە و د. ناسیح غەفوور رەمەزان، بەرپرسی دۆسیەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و عەبدولحەکیم عیسا، بەڕێوەبەری پرۆژەکان لە رێکخراوەکەدا.
شاندەکە بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاشنابوون بە رەوشی ئافرەتان لە ھەرێمی کوردستان، بەسەرکردنەوەی رەوشی ژنان و منداڵانی ئاوارەو ھاوکاری و ھەماھەنگی زیاتر لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای خانمان و رێکخراوی یارییەکانی ئاشتیی جیھان، سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا پرۆگرامە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوولا و چۆنیەتی پەرەپێدانی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بەتایبەتی لە بواری گەشەپێدان، تواناسازی ئابووری، سیاسی ژنان و ھەوڵدان بۆ شیاندنەوەو راھێنانی ئەو کچ و ژنانەی لەدەستی تیرۆریستانی داعش رزگاریان بووە.
ھەروەھا ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوان ھەردوولا لە چەندین بواری تر گفتوگۆی لەبارەوە کرا، بەتایبەتی چالاکییەکانی ٢٥ی نۆڤەمبەر و ھەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان.
BAS NEWS-
