"مێژوو به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌یدیوه‌ یه‌ك تاكی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ست و داگیركراو بڵێ‌ نه‌خێر بۆ سه‌ربه‌خۆیی"



شاعیر و ڕۆژنامه‌نوسێكی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ده‌ڵێ، مێژوو به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌یدیووه‌ ، یه‌ك تاكی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ست و داگیركراو و لكێنراو به‌ وڵاتێكی تره‌وه‌ بڵێ‌ نه‌خێر بۆ سه‌ربه‌خۆیی.



ئاری عه‌بدوله‌تیف ، شاعیر و ڕۆژنامه‌نوسی ناوداری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ، له‌ نوسێنێكدا ، كه‌ له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆیی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ، ڕایده‌گه‌یه‌نێ: "مێژوو به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌یدیوه‌، یه‌ك تاكی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ست و داگیركراو و لكێنراو به‌ وڵاتێكی تره‌وه ‌ بڵێ‌ نه‌خێر بۆ سه‌ربه‌خۆیی و جاڕی كۆیله‌بوون و ژێرده‌سته‌یی و ده‌یوسیی بدات و حه‌زی له‌ عه‌مامه‌ و عه‌گال چاككرن و هه‌ڵگرتنی پالێمی كراسی شۆڕی سۆزانییه‌كی ئه‌م ده‌ور و زه‌مانه‌ بێت".



له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نوسینه‌كه‌یدا ده‌ڵێ: "مێژوو شاهیده‌ یه‌ك كه‌س نادۆزیته‌وه‌ نه‌ك بڵێ‌ نه‌خێر بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت، بگره‌ كه‌ناڵ و كه‌مپین بكات و خه‌ڵكی تریش هان بدا و جوڵانه‌وه‌ و حیزب ڕابگه‌یه‌نێت و له‌سه‌ر شاشه‌ش ده‌ست بكات به‌ شاته‌ شات و بڵێ‌ كۆمه‌ڵگه‌ هه‌مووی نه‌خۆشه‌ و به‌س من دكتۆرم".



نووسیویه‌تیشی" بگه‌ڕێ‌ له‌ ئه‌رستۆڤانی فه‌یله‌سوفه‌وه‌، تا كۆیله‌ ڕۆشنبیرێكی كوردی دوو هه‌زارو حه‌ڤده‌، بیرمه‌ند و پیاوێك نابینیته‌وه‌ حه‌زی له‌ كه‌نیزه‌كیی و مه‌سینه‌هه‌ڵگرتن بێ‌، جگه‌ له‌و كۆیلانه‌ی ئه‌فلاتۆن گوته‌نی ئه‌گه‌ر ئازادییش ببارێ‌ كۆیله‌كان چه‌تر هه‌ڵده‌كه‌ن".



ئه‌و نووسه‌ره‌ كورده‌ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نووسینه‌كه‌یدا به‌توندی هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ دژی سه‌ربه‌خۆیین و نووسیویه‌تی"نه‌بووه‌ و نابێ‌ هێنده‌ بێ‌ ئاگا بیت، بكه‌ویته‌ به‌ر نه‌شته‌ری ئه‌جێندای ئه‌و دوژمنانه‌ت ، كه‌ به‌ ئاژه‌ڵ و كه‌ری كێوییت ده‌زانن و هه‌زار ساڵه‌ نایه‌ڵن خاوه‌نی خۆت و شه‌ره‌ف و نامووست بیت".



له‌به‌شێكی دیكه‌ی نووسینه‌كه‌یدا به‌رده‌وامه‌ له‌ ڕه‌خنه‌گرتن و ده‌ڵێ"عاله‌م بگه‌رێ‌ پڕه‌ له‌ پیاو بۆ وڵات و نه‌ته‌وه‌ و سنوور و خاكه‌كه‌ی و كه‌چی له‌ كوردستان هه‌ن له‌شكرێك له‌ كرێكاره‌كانی سپارتاكۆس، كه‌ حه‌زیان له‌ هه‌وای تاران و ئه‌نكه‌ره‌ و به‌غدا و دیمه‌شقه‌، لیكی ده‌میان بۆ ده‌رباریی و كۆیله‌یی ده‌ڕژێ‌ و به‌ ئاشكراش هاواری بۆ ئه‌كه‌ن".



ئاری عه‌بدوله‌تیف له‌ كۆتایی نووسینه‌كه‌یدا ڕای خۆی له‌به‌رامبه‌ر پرسی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئاشكرا ده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "له‌م په‌نا و په‌سێوه‌دا هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی كون نه‌بێته‌ ئه‌خلاقم، ده‌ڵێم: هه‌موو كات به‌ڵێ‌، به‌ڵێ‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی شوناس و ناسنامه‌ و ده‌وڵه‌ت، كه‌ مه‌گه‌ر من بزانم چ له‌ززه‌ت و ئاهاتێكی ئاسمانیی و زه‌مینیی هه‌یه‌ وه‌ك فارس و تورك و عه‌ره‌بێك كه‌ ئێسته‌ له‌ ته‌نیشتماندان و پشیله‌ و سه‌گ و كه‌روێشك به‌ به‌هاترن لایان تا ئێمه‌ی كورد".



BAS NEWS-
Top