پشدەر.. ئافرەتێک کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا
شۆرش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین،ڕایگەیاند: "کاتژمێر 12 نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 12/8/2017، تەرمی ئافرەتێکی تەمەن 26 ساڵ، لە ماڵی باوکیدا بە ھەڵواسراوی دۆزرایەوە.
گوتیشی: "ھاووڵاتییەکە ژنی ماڵەوە بووە، ناوی (م،م،ا)ە، دانیشتووی ناحیەی (ژاراوە)ی سەر بە قەزای (پشدەر)ە، دوای جیابوونەوەی لە ھاوسەرەکەی، لە ماڵی باوکی ژیاوە و دایکی سێ منداڵە و لە ماڵی باوکیدا خۆی خنکاندووە".
گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕوونیشی کردەوە، کە تا ئێستا ھۆکاری خۆخنکاندنەکەی نەزاندراوە، ھەروەھا تەرمەکەی بۆ پشکنین و توێکاری، تەرمەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ کراوە، ڕێکارە یاساییەکانیش گیراونەتە بەر و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.
شارەزایانی بواری دەروونناسی جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەو کەسانەی خۆیان دەکوژن، یان ھەوڵی خۆکوشتن دەدەن، باری دەروونییان جێگیر نییە و ناتوانن لە واقیعدا ڕووبەڕووی کێشەکان ببنەوە.
باسنیوز
