بنەماڵەی شەهید سلێمان پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن
نەورۆز چروکایا، برازای شەهید دکتۆر سلێمان چروکایا بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، سێ ئەندامی بنەماڵەکەیان لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان گیانی خۆیان بەخت کردووە.
نەورۆز چروکایا بە گڕیانەوە گوتوویەتی، کە ئامانجی شەهید سلێمان بینینی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بوو و ئەو دەیەوێ دوای سەربەخۆیی کوردستان بچێتە سەر گۆڕی شەهید سلێمان و هەردوو شەهیدەکەی دیکە و پێیان بڵێ، “ئەوەی ئێوە خەباتتان بۆ دەکرد، بەدی هات“.
شەهید سلێمان لە ساڵی 1968 لە پارێزگای چەولیک لە باکووری کوردستان لە دایک بووە. دوای هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان، کە ئەوکات لە ئەڵمانیا دەژیا، گەڕایەوە کوردستان و وەک پێشمەرگەیەک بە هەڵگرتنەوەی مین و بۆمبەکانی داعش، بەشداریی شەڕی دژی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەی کرد.
لە رۆژی 26\10\2016، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی داعش، رەسوڵ محەمەدزادەی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، کە هاوکاریی دکتۆر سلێمانی دەکرد، شەهید بوو و دکتۆر سلێمانیش بەهۆی برینەکەیەوە، لە رۆژی 31\10\2016 شەهید بوو.
باسنيوز
