داوا دەکرێت هاوپەیمانان بۆ لێدانی داعش لە حەمرین هاوکار بن
دوای هێرشی چەکدارانی داعش لە سنووری داقووق و قەرەتەپە، ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "جوگرافیای ناوچەکە کە زنجیرە چیای حەمرینە و بریتیە لە کۆمەڵێک دۆڵ و بەرزایی و چیای فراوان، کە لەبارە بۆ خۆ حەشاردان و ئەنجامدانی کاری پارتیزانی، دوابەدوای تێکشکانی داعش لە شارەکان و بەتایبەت لە تکریت و مووسڵ ناتوانن خۆیان رێک بخەنەوە، بۆیە پەنایان بۆ زنجیرە چیای حەمرین هێناوە کە پێش هاتنی داعش ئەو ناوچانە ناوچەی یاخی بوون".
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی: "نە سوپای عێراق و نە هێزی پێشمەرگە دەستی بەو ناوچانە نەدەگەیشت کە سنووریان لە خوارووی کەرکووکە تا نزکی خانەقین، ئێستا داعش لەوێ خەریکی خۆڕێکخستنەوەن هەوڵ دەدەن لەوێ خۆیان چالاک بکەنەوە".
بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەو هێزانە هی ئەوە نین شەڕی ڕووبەڕوو بوونەوە بکەن، بەڵام لەڕووی پارتیزانی و هێرشی کتوپڕەوە زیاتر کار دەکەن و رەنگە هێرشەکانیان زیاتر بێت نەک کەمتر".
ئەکرەم ساڵح ڕوونیشی کردەوە "کە ئەو سنوورە کە هێرشیان لێوە کردووە تەنیا پێشمەرگەی لێییە، ئەو ناوچانەی حەشدی شەعبی لێیە دەکاتە خوارووی ناوچەی (زەرگە) کە کەمتر هێرشیان هەیە".
راشی گەیاند: "پێشمەرگە ئامادەیە بۆ بەرگری لە کوردستان، بەڵام شێوەی شەڕەکە کە کتوپڕە پێشوەختە دەبێت بە ئامادەکاری زیاترەوە بکرێت، چ لەڕووی سەنگەرەکان و چ لەڕووی لۆجستییەوە، چونکە ڕەنگە داعش بە ڕۆژ نەتوانێت ئەمە بکات، بۆیە زۆربەی پەلامارەکانیان لە شەو دایە و دەبێت پێشمەرگە سەنگەرەکانیان زیاتر تۆکمەتر بکەن".
ئەکرەم ساڵح ئەوەشی خستە ڕوو "ئەگەر ئەوان لە هێرش بەردەوامن بن، دەبێت داوا لە هاوپەیمانان بکرێت بێنە سەرخەت، بەڵام دەبێ ئەو پرسە لەسەر بنەمای زانیاری بێت و چاودێری لەسەر بێت، چونکە داعش شەوان دەردەکەون، بۆیە دەبێ چاودێری زیاتر بکرێن بۆ لێدانیان و کۆپتەر بەکار بهێنرێت و عێراق و هاوپەیمانان دەبێت زیاتر تەرکیز لەسەر ئەو ناوچەیە بکەن".
دوێنێ شەو هێزەکانی داعش لە داقووق هێرشیان کردە سەر سەنگەری پێشمەرگە و لە ئەنجامدا هێرشەکەیان تێک شکاوە و چەند چەکدارێکی داعشیش کوژراون.
باسنیوز
