مومتاز حەیدەری: پێویستە ئەمریکا گەرەنتی بە هەرێمی کوردستان بدات
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی پێنجشەممە 10/8/2017، ڕێکس تیلەرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە کردووە و داوای دواخستنی ڕیفراندۆمی کردووە. لە بەرانبەریشدا بارزانی بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکای گوتووە، پرسیار ئەوەیە لە بەرانبەر دواخستنی ڕیفراندۆمدا چ زەمانەتێک و چ بەدیلێک ھەیە بۆ ئایندە و دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردستان؟
لەمبارەیەوە مومتاز حەیدەری، نووسەر و چاودێری سیاسی، گوتی: "ئەو ڕەوشە ئاڵۆزەی کوردستانی تێدا دەژیت، زۆر هەستیارە و کوردستان مافی خۆیەتی، دەبوو 100 ساڵ لەمەوبەر، کوردستان ڕیفراندۆمی بکردبایە، بەڵام بەداخەوە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان نەیکردووە، ئێستاش ئەو گۆڕانکارییەی ھەیە، وادەکات کە کورد بڕیاری خۆی بدات، لە کاتێکدا دەبوو بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان، 10 ساڵ پێش ئێستا ئەم ھەنگاوانەی ئێستا بنرابایە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەو دۆخەی ئێستا هاتووەتە پێشەوە، جیاوازە و ”دەبێ بزانین دووژمنی ڕاستەقینەمان زۆرە“ و پێویستە کورد ”دەرس لە مێژوو وەربگرێ“.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”دەبێ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان نووسراوێکی دوورودرێژ ئامادە بکات بۆ ئەمریکا و تێیدا چۆنیەتیی گەرەنتی و ساڵی گەرەنتی و ڕۆڵی ئیجابیی ئەوان لە داھاتوودا بخرێتە ڕوو و وەک ڕێککەوتن لە نێوانمان واژۆ بکرێت و دەبێت ئەو ڕێککەوتنە بە چاودێریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێت و فشاریش بخەنە سەر بەغدا تا پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیدا بکات، ئەوەش قەبووڵ بکات کە دەبینە دوو دراوسێی باش".
لە کۆتاییشدا ئەوەی دووپات کردەوە کە تەنیا ڕێگەیەک بۆ دواخستنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بوونی گەرەنتیی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
باسنيوز
