سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشە لە کۆریای باکوور دەکات
سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و نیکی هاڵێی باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "نایەوێت باسی هیچ شتێک بکات کە رووینەداوە، بەڵام ئەگەر شتێک بەسەر گوام بێت ، کێشەی زۆر لە نێو کۆریای باکووردا روودەدات".
دۆناڵد ترەمپ نموونە بە ئۆپەراسیۆنی موسڵ دەهێنێتەوە و دەڵێت: "لەو کەسانە نیم 4 مانگ پێش ئەنجامدانی کارێک بڵێم ئەوە کارە دەکەم". گوتیشی: "ژاپۆن و کۆریای باشوور هەست بە دڵنیایی دەکەن لەگەڵ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا، چونکە بە بڕوای ترەمپ سەرۆکەکانی پێشتری ئەمریکا هەندێک هەنگاو هەبوو دەبوو بەرامبەر کۆریای باکوور بیاننابایە، بەڵام نەیانکردووە و رەوشەکە خراپتر بووە".
کۆریای باکوور هەڕەشەی کردووە چوار مووشەکی بالیستیکی کە خاوەنی کڵاوەی ناوەکین، ئاراستەی دوورگەی "گوام بکات، کە بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی ئەمریکای لێیە و لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی پیۆنگ یانگی دایەوە و گوتی: "ئەگەر چیدی هەڕەشە لە ئەمریکا بکات، کۆریای باکوور دەکەینە یەک پارچە ئاگر".
رووداو
