وەزارەتی کاروباری شەهیدان: هەوڵی دابینکردنی کرێی خوێندنی کەسوکاری شەهیدان دەدەین
فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، ڕا گەیاند: "بۆ دابینکردنی تێچووی خوێندنی کچ و کوڕی شەھید و ئەنفالکراوان، پێویستە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەند دەرببڕن، بەڵام بەپێی یاسا دابینکردنی ئەو خەرجییە دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەت".
ئاماژەشی بەوە کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا کرێی خوێندنی ساڵی 2014 - 2015 دابین کراوە، بەڵام تەنیا بەشێکی کرێی خوێندنی 2015-2016 دابین کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی قەیرانی دارایی، نەتوانراوە پارەی خوێندنی 2016-2017 دابین بکەن و ”تائێستا ڕەزامەندی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانەوە نەدراوە، بەڵام ئێمە خەرجییەکە ھەر دابین دەکەین“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستێکن بۆ ساڵی نوێی خوێندن کە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەکەن، بۆ ئەوەی خەرجیی خوێندن بۆ ساڵی 2017-2018 لەلایەن حکوومەتەوە دابین بکرێ. گوتیشی: ”ساڵانە لیستێک لە ناوی ئەو قوتابیانەی کە دەرچوون، ئەوانەشی کە وەرگیراون، دروست دەکرێت و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ ئەوەی ڕەزامەندییان لەسەر بدەن“.
گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان ئەوەی نەشاردەوە کە بۆ ئەوەی داوای پارە لە کچ و کوڕی شەهید و ئەنفالکراوان نەکرێ، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەگەڵ زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان کردووە.
باسنیوز
