پڕۆژەیەكی ستراتیژیی رێگاوبان لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە تەواوبووندایە

پڕۆژەیەكی ستراتیژیی رێگاوبان لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە تەواوبووندایە


دوای راگرتنی كارەكانی بەهۆی قەیرانی داراییەوە، ئێستادا كاركردن لەیەكێك لەپڕۆژە گرنگەكانی رێگاوبان لەسنووری پارێزگای سلێمانی دەستیپێكردووه‌تەوە و به‌ ته‌واوبوونیشی دووری رێگەی نێوان (سلێمانی – پێنجوێن) بۆ (10) كیلۆمەتر كەمتر دەبێتەوە.



عەبدولڕەحمان عەلی، په‌رله‌مانتاری كوردستان، راگەیاند: "دوای بەدواداچوون بۆ ئاگاداربوون لەكاركردنی شەقامی (كانی سپیكە – كەوڵۆز) كە درێژییەكەی(16)كیلۆمەترە، سەردانی شوێنی كاركردن و كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكەمان كرد، كە كۆمپانیای باڵامبۆیە، لەلایەن ئەندازیاری پڕۆژەكەوە پێمان ڕاگەیاندرا، كە زیاتر لە(90٪) كارەكانی تەواو بووە".



ئاماژەی به‌وه‌ش كرد كه‌ بەهۆی قەیرانی دارایی و پێنەدانی پارەی كاش بە كۆمپانیاكە، بۆیە ماوەیەكی زۆر كارەكانی راگیرابوو، بەڵام ئێستادا كاركردن تیایدا دەستیپێكردووه‌تەوە و بەتەواوبوونیشی ئەو شەقامە سەرەكییە دوو سایدە كە بودجەكەی (50) ملیار دینارە، دووری ڕێگەی نێوان (سلێمانی – پێنجوێن) بۆ (10) كیلۆمەتر كەمتر دەبێتەوە، لەكاتێكدا دووری نێوان (سلێمانی – پێنجوێن) دەگاتە (96) كیلۆمەتر و له‌مه‌ودوا هاووڵاتیان و گەشتیارانی ئێرانی و شۆفێران، بەناو شاری سەیدسادق و گوندی شانەدەریدا تێناپەڕن.



گوتیشی: "له‌گه‌ڵ لیژنەی شارەوانی پەرلەمانی كوردستان، سەردانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەمان كردووە، هەموو گرفتەكانی سنووری پێنجوێن بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندیدارن بەڕێگاوبان و پڕۆژە تەواونەكراوەكانی ناوچەكە، لەگەڵ ستافی وەزارەتدا باسمان كردووە، وەك رێگای (كانی سپیكە – كەوڵۆز) و (پێنجوێن – باشماخ) و (پێنجوێن - سەیرانبەن) و سەرجەم ئەو پڕۆژانەی كە بەنیوەچڵی جێهێڵدراون".



ئاشكراشیكرد كه‌ بڕیاردراوه‌ لیژنەیەك سەردانی ناوچەكە بكات و له‌نزیكه‌وه‌ له‌ هەموو ئەو پڕۆژانە بكۆڵێته‌وه‌ كە تایبەتە بەڕێگاوبان و كاریان تێدا وەستێنراوە، تاكو بتوانرێت بەپێی ئەو بودجەیەی له‌به‌ر ده‌سته‌ كارییان تێدا بكرێت و بخرێنەوە باری جێبەجێكردن.

bas news-
Top