ئاوارەكانی عێراق ناگەڕێنەوە ناوچە ڕزگاركراوەكان

 ئاوارەكانی عێراق ناگەڕێنەوە ناوچە ڕزگاركراوەكان
بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى بۆردى کاروبارى مرۆیی و سەرپەرشتیاری کەمپەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک رایگەیاند تا ئێستە لە کۆى ٧٢٤ هەزار ئاوارە، تەنها ٨٠ هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچە ڕزگاركراوەكان لە دەست داعش.


دواى زیاتر لە سێ ساڵ مانەوە لە ئاوارەیی، هێشتا ژمارەیەکى زۆری ئاوارەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، لە پاڵ ئەمەشدا گرووپە چەکدارەكانی وەك میلیشیای حەشدى شەعبى بە هۆکار دەزانن لەبەردەم پڕۆسەى گەڕانەوەیان.


ئیدریس نەبى بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى بۆردى کاروبارى مرۆیی و سەرپەرشتیاری کەمپەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک بۆ ئاژانسی هەواڵی (ئەنادۆڵو)ی توركی رایگەیاند "گەڕانەوەى ئاوارەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک بۆ ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکانى ژێر دەستى داعش وەک پێویست نییە، ئێستە لە کۆى ٧٢٤ هەزار ئاوارە و پەنابەر لە سنوورى پارێزگاى دهۆک، تەنها ٨٠ هەزار ئاوارە لە کەمپەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک و دەرەوەى گەڕاونەتەوە بۆ ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکانى ژێر دەستى داعش، چونکە وەک ئاوارەکان ئاماژەى پێدەدەن نایانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵێکى وێران بوو، هەروەها پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکان لە ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکانیش وەک پێویست نین".


گوتیشى "هۆکارێکى دیکەش لە بەردەم سستى پڕۆسەى گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ سەر زێدى خۆیان هەبوونى گرووپە چەكدارەكانە لە سنوورەکاندا، بۆ نموونە لە شارۆچکەى شنگال کۆمەڵێک گرووپى چەكداری وەك حەشدی شەعبی و پەکەکە و یەپەگە و یەپەشە هەن، ئەوەى ئێمە لە رێگەى پەیوەندى و هەماهەنگییەکانمانەوە لە ئاوارەکانمان وەرگرتووە، بەهۆى پەکەکە و حەشدى شەعبى ترسیان لە گەڕانەوەیان هەیە، سەرەڕاى ئەو مەترسیانە کۆنتڕۆڵ نەکردنەوەى تەلەعفەریش یەکێکى دیکەیە لەو مەترسیانەى سەر ئاوارەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک، چونکە ئاوارەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان و بەبێ شەڕ و فیتنەگێڕى تێدا ژیان دەستپێبکەنەوە".


ئاشکراشى دەکات کە "ئاوارەکانى دەشتى نەینەوا تا حەشدى شەعبى لە ناوچەکە هەبن، نایانەوێت بگەڕێنەوە سەر زێدى خۆیان، چونکە ئاوارەکان لە رێگەى لایەنەکانى هەماهەنگى بە ئێمەیان راگەیاندووە حەشدى شەعبى بووەتە هۆى ناسەقامگیرى لە دەشتى نەینەوا".


ئەوەشى گوت "ئەو ئاوارانەى گەڕاونەتەوە سەر زێدى خۆیان زۆربەیان خەڵکى رەبیعە و زومارن و بەشێکى دیکەیشیان دانیشتووانى شنگال و سنونێ و دەشتى نەینەوان".


ئیدریس نەبى دووپاتی کردەوە کە هیچ ئاوارەیەک لە پارێزگاى دهۆک و هەرێمى کوردستان بە زۆر ناگەڕێندرێنەوە سەر زێدی خۆی، بەڵکو گەڕانەوە یان مانەوەى ئاوارە و پەنابەران بۆ چوارچێوەى حەز و ئارەزووەکانى خۆیان دەگەڕێتەوە، هەر ئاوارەیەک ئارەزووى گەڕانەوە بکات، ئێمە بە هەموو توانایەک کارئاسانى بۆ دەکەین و هەر ئاوارەیەکیش خواستى گەڕانەوەى نەبێت، ئێمە لە کەمپەکان خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکەین.


سێ ساڵ بەر لە ئێستە بەهۆى شەڕى داعشەوە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار کەس لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا روویان لە سنوورى پارێزگاى دهۆک کرد، لە ٢٧ کەمپ نیشتەجێکران.
bas news-
Top