بەرهەم ساڵح پشتیوانی ریفراندۆم دەكات

بەرهەم ساڵح پشتیوانی ریفراندۆم دەكات



بەرپرسێكی یەكێتی دووپاتی دەكاتەوە بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی پشتیوانی ریفراندۆم و مافی چارەی خۆنووسینی كورد دەكات، هیچ هاوسۆزییەكی لەگەڵ هیچ كەمپینەكی (نەخێر) نییە بۆ ریفراندۆم.


سلێمان عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی كە كەسێكی نزیكە لە بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی، لەبارەی هەڵوێستی ناوبراوەوە لەسەر پرسی ریفراندۆم و كەمپینی (نەخێر) بۆ ریفراندۆم، رایدەگەیەنێ كە بەرهەم ساڵح دەڵێ (بەڵێ‌) بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی، بەڵام دوای ئەو (بەڵێ‌)یە، كۆمەڵێك بەڵاممان هەیە.



گوتیشی "ئەم بەڵامانە لەگەڵ (نەخێر)ەكەدا یەك ناگرنەوە، بەڵامی خەڵكی دڵسۆز و پەرۆشی ئەم وڵاتەن، ئەم بەڵامانە لە سەرەنجامی تێگەیشتن لە فاكتە كوردستانیەكانەوە هاتوون لە فاكتە كۆمەڵایەتییەكان و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان هاتوون و لە خۆڕا نەهاتوون، پێویستە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان نادیدەی ئەم بەڵامانە نەگرێت و چارەسەری ئەم بەڵامانە بكەین بۆ ئەوەی هەموومان لەسەری كۆك بین".


لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن بەرهەم ساڵح هاوسۆزی كەمپینی (نەخێر)ە، سلێمان عەبدوڵا بەم شێوەیە وەڵامی پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی (ئەنادۆڵو)ی توركی داوەتەوە "بە موتڵەقی ئێمە هاوسۆزییەكمان لەگەڵ هیچ كەمپینەكی (نەخێر) نییە".



رۆژی 25ی ئەیلوولی داهاتوو ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت.

bas news-
Top