کچێکی دیکەی کوردی ئێزدی لە دەست تیرۆریستان ڕزگار کرا

کچێکی دیکەی کوردی ئێزدی لە دەست تیرۆریستان ڕزگار کرا
بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی کوردی ئێزدی بە وەکالەت ئاشکرای کرد کە کچێکی دیکە لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار کراوە.

شێخ عیدان کالۆ، ڕایگەیاند، بە هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە شێخان و باشیک، توانیویانە کچێکی کوردی ئێزدی بە ناوی دیانا ئەمین کە تەمەنی 21 ساڵە، لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار بکەن.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە کچەکە گەیشتووەتە نێو خانەوادەکەی خۆی، بەڵام هێشتا چوار ئەندامی خێزانەکەی لەژێر دەستی داعش ماونەتەوە کە دایک و دوو برا و خوشێکی ئەو کچەن.

ڕوونیشی کردەوە، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو 13/8/2017، ئەو کچە ڕزگاربووە سەردانی نووسینگەکەیان دەکات، بۆ ئەوەی کاروبارەکانی هاوشێوەی کچانی ڕزگاربوو بۆ ڕێک بخرێ. گوتیشی: ”تاوەکوو ئێستا، بە پشتیوانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 3 هەزار و 102 ڕفێندراوی کوردی ئێزدی لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار کراون“.

لە 3ی ئابی 2014، ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، لە چەند قۆڵێکەوە هێرشی کردە سەر شاری شنگال و دوای داگیرکردنی، هەزاران کچ و منداڵی کوردی ئێزدی ڕفاند و سەدان گەنج و پیاوی بە تەمەنی کوردیشی کۆمەڵکوژ کرد.









باسنیوز
Top