مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی ھەڕەشەی خۆپێشاندان دەکەن

مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی ھەڕەشەی خۆپێشاندان دەکەن
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی داواكارن حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەزوویی سیستەمی پاشەکەوتکردنی موچەی مامۆستایان چارەسەر بکات، بۆ ئەوەی لە ساڵی نوێی خوێندندا دەرگای قوتابخانەکان بەڕووی قوتابیاندا بکرێتەوە و چیتر پڕۆسەی خوێندن دوانەکەوێ.


ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری سلێمانی، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند ئەگەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کێشەی موچەی مامۆستایان چارەسەر نەکات، بەتایبەتی ھەوڵەکانی خۆی نەخاتەگەڕ بۆ لابردنی سیستەمی پاشەکەوتکردنی موچە، ئەوا ڕۆژی ١٠⁄٩⁄٢٠١٧ لەبەر دەرکی سەرای سلێمانی خۆپێشاندانێکی فراوان ئەنجام دەدەن.


عادل حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند "ئەمساڵ وەک ساڵی ڕابردوو ناکەین، دوو مانگ دەوام بکەین، دواتر بایکۆتی وانەکانی خوێندن بکەین، بەڵکو لە ئێستەوە چاوەڕێی ئەوە دەکەین وەزارتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێم کێشەی مامۆستایانی ناڕازی چارەسەر بکات، ئەگەر کێشەی مامۆستایانی ناڕازی چارەسەر نەکرێت، بێگومان بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەرگای قوتابخانەکان ناکەینەوە و خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەین".
bas news-
Top