ئێران "دەرەتوێ"ی لە پارێزگای هەڵەبجە تۆپباران کرد

ئێران
سوپای ئێران، شاخەكانی گوندی (دەرەتوێ)ی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تۆپباران دەكات و، چالاكانی كۆمەڵی مەدەنیش دەڵێن، هیچ بیانوویەك نییە بۆ سوپای ئێران، کە ئەو ناوچانە تۆپباران بكات، لە كاتێكدا ئەو ناوچانە زۆر ئارامن و هیچ هێزێكی بەرهەڵستكاری ئێرانی لێ نییە.

(مەنزەر عەلی كاكەیی)، چالاكی كۆمەڵی مەدەنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''سوپای ئێران دوێنێ ئێوارە گوندی (دەرەتوێ)ی تۆپباران كردووە و تۆپەكان بەر شاخەكان و ناو باخی ئەو گوندە كەوتوونە و زیانی گیانییان نەبووە، بەڵام زیانی ماددییان بۆ ناوچەكە هەیە.''

(كاكەیی) دەڵێت: ''ئەو گوندەی سوپای ئێران تۆپبارانی كردووە، هیچ هێزێكی بەرهەڵستكاری ئێرانی تێدا نییە، بۆیە هیچ بیانوویەك نییە، تا ئێران ئەو ناوچانە تۆپباران بكات، لەبەر ئەوە، داواكارین حكوومەتی هەرێم پێوەندی بە حكوومەتی ئێرانەوە بكات و بزانن هۆكاری تۆپبارانەكە چی بووە.''

ئەو چالاكەی كۆمەڵی مەدەنی دەشڵێت: ''سوپای ئێران 8 تۆپی بە گوندەكەوە ناوە، كە لە ناو باخ و شاخەكانی گوندەكەدا كەوتوونەتە خوارەوە، پێوەندییشمان بە هەریەكە لە (عەلی عوسمان)، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەكالەت و (نوخشە ناسح)، قایمقامی هەڵەبجەوە كرد بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر تۆپبارانەكەی ئێران، بەڵام پێوەندییەكەیان وەڵام نەداینەوە.''
kdp-
Top