پەرلەمانتارێکی پێشووی کۆمەڵی ئیسلامی: تەنیا دەنگی (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆم خێری بۆ میللەت هەیە

 	 پەرلەمانتارێکی پێشووی کۆمەڵی ئیسلامی: تەنیا دەنگی (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆم خێری بۆ میللەت هەیە
پەرلەمانتارێکی پێشووی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان پێی وایە، تەنیا دەنگی (بەڵێ) لە بەرژەوەندیی کوردستاندایە و، داوای کرد بۆ سەرخستنی ڕیفڕاندۆم و چارەکردنی کێشە نێوخۆیییەکان لایەنە سیاسییەکان بگەنە ڕێککەوتن و کۆدەنگیی نیشتمانی ھەبێت.

(د. سەباح بەرزنجی)، پەرلەمانتاری پێشووی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و کەسایەتیی ھزری و ئیسلامی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بگەنە ڕێککەوتن لەبارەی کێشە نێوخۆیییەکان و تێپەڕاندنی قۆناغەکە، بەتایبەتی ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان نەرمیی نواندووە، چونکە بەرژەوەندیی وڵات و میللەتەکەمان لە یەکدەنگی و یەکگرتووییدایە، لەبەر ئەوە پێویستە ڕیفڕاندۆم بکرێتە وەرەقەیەکی نێودەوڵەتی، تا بگەینە ئامانجەکانمان و جیھان شەرم لە ئێمە بکاتەوە، ھەر ڕێککەوتن و نەرمینواندێک بۆ گەیشتن بە ئامانج و چارەکردنی کێشە نێوخۆیییەکان، بە ئەرێنی دەبینم و لەگەڵ ئەوەدام، بە کۆدەنگیی نیشتمانییەوە بچینە نێو پڕۆسەی ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستانەوە.''

زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستاندان، لایەنە سیاسییەکانیش بڕیاری دیاریکردنی دواڕۆژی خۆیان بۆ خەڵکی کوردستان بەجێ ھێشتووە، کە بڕیارە لە ٢٥ی ئەیلوولدا ڕیفڕاندۆم ئەنجام بدرێت.

دەربارەی ئەوانەشی ڕەخنە لە ڕیفڕاندۆم دەگرن، (بەرزنجی) گوتی: ''چەندی دەنگی (بەڵێ) زیاتر بێت لە ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستاندا، ئەوەندە لە بەرژەوەندیی گەل و سەرخستنی پڕۆسەکەدایە، ئەوانەشی خۆیان بە بەرەی نەخێر ناساندووە، من پێم وایە ئەوەندەی بە (بەڵێ) دەنگ بۆ ڕیفڕاندۆم بدەین، لە خێر و بەرژەوەندیی میللەتی ئێمەدایە، نەخێر ھیچ سوود و قازانجی بۆ گەل و وڵاتەکەمان نییە، تەنیا خێر لە دەنگی (بەڵێ)دایە و من لەگەڵ نەخێر نیم بۆ ڕیفڕاندۆم.''
kdp-
Top