نەجیبە نەجیب: بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هیچ كێشەیەكی ئابووری ڕووبەڕووی كوردستان نابێتەوە
لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمدا، كە بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) بەڕێوە چوو، بڕیار درا، شاندێك لە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم سەردانی بەغدا بكات، هەر دوێنێ ئەندامانی ئەو شاندە كۆ بوونەوە و بڕیاریان دا، هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵ سەرۆكوەزیران و لایەنە سیاسییەكان كۆ ببنەوە و باسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان بكەن.
(نەجیبە نەجیب)، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''سەركردەكانی عێراق و تەنانەت شەقامی عێراق، ئەوانەی كە تێگەیشتوونە، وای بۆ دەچن و لەو باوەڕەدان كە هەرێمی كوردستان سەربەخۆ بێت بۆ ئەوان باشترە، بەڵام بەئاشكرا ناڵێن، تەنانەت سەرۆكوەزیرانیش هەمان باوەڕی هەیە، كە كوردستان جیا بێتەوە بۆ ئەوان باشترە، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك پێیان ناخۆشە، لەوانە لە هەڵبژاردنەكان نیزیك دەبینەوە، هەروەها كاریگەریی وڵاتانی دەوروبەر لەسەر عێراقە و ناتوانن بە تەنیا بڕیار بدەن، ئەگەرنا بە ڕەفتار و گوتنەكانی ئەوانەوە دیارە. ئەوان لەو باوەڕەدان، كە ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت و كوردستان بڕیاری خۆی دەدات.''
(نەجیبە نەجیب) ڕوونیشی كردەوە: ''بەغدا وەكو دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات، عێراق خاڵی سنووری و بازرگانیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، ئەو خاڵە سنوورییانەش لە نێوان دوو دەوڵەت دادەندرێن، نەك لە نێوان هەرێم و ناوەند، لەو خاڵە سنوورییانەدا، پارە و باج لەو كاڵا و كەلوپەلانە وەردەگرن، كە لە عێراقەوە دێنە كوردستان، بۆیە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هیچ كێشەیەكی ئابووری ڕووبەڕووی كوردستان نابێتەوە، چونكە وڵاتانی دەوروبەر بەرژەوەندیی ئابووریی زۆریان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، بۆیە بەهێزبوونی ئەو پێگەیە بۆ وڵاتان باشە و كاریگەریی خۆی دەبێت.''
kdp-
