بەرپرسێکی گۆڕان: بۆ ڕیفراندۆم گۆڕان ناچێتە ناو بەرەی (نەخێر)ەوە
شێخ عومەر کاکە حەمە، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند: "بزووتنەوەی گۆڕان پشتگیری لە ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان دەکات، دواتر ئێمە خاوەنی ھەڵوێستی خۆمانین و گۆڕان ناچێتەوە ناو بەرەی (نەخێر)، گوتیشی: "ڕۆشتنی ڕابوون مەعرووف، بۆ بەرەی (نەخێر) پەیوەندی بە گۆڕانەوە نییە، چونکە ئەوە بۆچوونی فەرمیی خۆیەتی، بەھیچ شێوەیەک گوزارشت لە بزووتنەوەکەمان ناکات".
شێخ عومەر گوتیشی: "جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ھیچ کات بۆ ئازادیی ڕادەربڕین سانسۆر لەسەر ھیچ ھەڵسووڕاوێک دانانێن، بەڵام بۆ ئایندە ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ ڕابوون مەعرووف دەکەین، چونکە ئەو توانای گفتوگۆ و لێک تێگەیشتنی ھەیە، بێگومان ڕەنگە دوو ڕۆژی دیکە ئەم ھەڵوێستەی ئێستای بگۆڕێت".
ئەندامەکەی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستە ڕوو: "ڕیفراندۆم پرسێکی نیشتمانییە، ئێمە پشتگیری لەو پڕۆسەیە دەکەین، بەڵام داواکاریی تایبەتیی گۆڕان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم هەیە”.
ڕۆژی سێشەممەی ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای (نالیا)، بە فەرمی کەمپینی (نەخێر)ی دژی سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاند کە تێیدا ڕابوون مەعرووف، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بەشدار بوو، بەڵام دواتر بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەی ڕاگەیاند کە پەرلەمانتارەکەیان سەرپێچی کردووە.
باسنیوز
