سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان وەڵامی بانگێشتنامەکەی عەبادی دەداتەوە
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بە مەبەستی ڕێككەوتن لەسەر چەند پرسێك داوای كۆبوونەوەی لە سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان كردووە، عەبادی لەمیانەی لێدوانێكدا داوای كرد، كە بەرپرسانی عێراقی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆ ببنەوە و قسە لەسەر پرسی ریفراندۆم و داهاتووی عێراق بكەن.
عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەم بارەوە گوتی: "حەیدەر عەبادی، پێشوازی لە شاندی هەرێمی کوردستان کردووە و دەیەوێت لەسەر گرفتەکان قسە لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کورد بکات، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان دەیەوێت لەسەر پرسی ریفراندۆم قسە بکات".
ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەو دەستپێشخەرییەی عەبادی زۆر باش بوو، چونکە ئێستا سێ ئاراستە لە بەرانبەر ریفراندۆم لە بەغدا دروست بووە و بۆچوونی یەکەم جەماعەتی دەوڵەتی یاسا لە دژین، گرووپی عەممار حەکیم و پاشکۆکانی کە ئەمانە فەرمان لە دەرەوەی عێراق وەردەگرن، بەڵام سەدر و جەعفەری لەگەڵی دان، بەس تێبینییان لەسەر کاتەکەی هەیە".
راشی گەیاند: سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان، وەڵامی بانگێشتەکەی عەبادی دەداتەوە و شاندێکیش دەچێتە بەغدا.
باسنیوز
