بەرپرسێکی یەکێتی: دەبێ مەکتەبی سیاسی فەرهاد سەنگاوی لە یەکێتی دوور بخاتەوە

 بەرپرسێکی یەکێتی: دەبێ مەکتەبی سیاسی فەرهاد سەنگاوی لە یەکێتی دوور بخاتەوە
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە هەر کەسێک لە هەر پلە و پۆستێکدا لەناو یەکێتی لە دەرەوەی فەرمانی مەکتەبی سیاسی کار بکات، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت تا ئاستی وەرگرتنەوەی متمانە لە حزب.



ئەحمەد قەدەفەری، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، گوتی: "ئەگەر یەکێتی حزب بێت و مابێت، نابێ ئەوە قبووڵ بکات پەرلەمانتارێک کە بە دەنگی ئەو خەڵکە فەقیر و رەش و ڕووتە چووەتە پەرلەمان، لەوێ بچێتە بەرەی دژە خەڵکەوە، بۆیە دەبێت هەرچی زووە فەرهاد سەنگاوی بانگی مەکتەبی سیاسی بکرێت و لە یەکێتی دوور بخرێتەوە".

گوتیشی: "دەبێت ڕاستەوخۆ پێی بڵێین تۆ لەلایەن یەکێتییەوە دەرکراویت".



پێشتر کەناڵی (گەلی کوردستان)ی یەکێتی لە زاری سەرچاوەیەکی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبەوە ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/8/2017، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بڕیاری دەرکردنی هەر کەسێک دەدات کە بەشداری لە کەمپینی (نەخێر) بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکات.

ڕۆژی سێشەممە 8/8/2017، شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای (نالیا)، لەگەڵ چەند کەسێک، کەمپینی (نەخێر)ی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاند کە هەریەک لە فەرهاد سەنگاوی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان و ڕابوون مەعرووف، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان تێیدا بەشدار بوون. دواتریش گۆڕان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئەوەی ڕاگەیاند کە ڕابوون مەعرووف سەرپێچی کردووە.





باسنیوز
Top