رۆژنامەیەکی میسری: بارزانی سەردانی قاهیرە دەکات
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی (ئەهرام)ی میسری ئەنجام داوە و تێیدا رایگەیاندووە، کە گەلی کوردستان لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی پاشگەز نابێتەوە و ئامانجی ریفراندۆمەکەش ”سەربەخۆیی کوردستانە“.
مەسعود بارزانی هەروەها رایگەیاندووە، کە حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە کارکردن بە بنەمای هابەشیی راستەقینەی پێکهاتەکان لە حوکمڕانیدا شکستیان هێناوە و هەندێک لایەن هەوڵیان داوە هەژموونی خۆیان بەسەر دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا بسەپێنن، کە شەڕی تائیفی لێکەوتووەتەوە.
هەروەک رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی پەیوەندیی مێژوویی کوردستان و میسری کردووە و رایگەیاندووە، کە ”بەم زووانە“ سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
مەسعود بارزانی جەختی لە ئاشتیخوازیی گەلی کوردستان کردووەتەوە و رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان دوژمنایەتیی کەس ناکات و هیچ بژارەیەکی نییە جگە لە بوون بە دراوسێیەکی باشی عێراق.
باسنیوز
