لایەنە تورکمانییەکان: هەر دەستێوەردانێکی نووری مالیکی ڕەت دەکەینەوە
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەشێک لە نوێنەرانی تورکمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حزبەکانی تورکمان لە کەرکووک، نووری مالیکی، جێگری سەرکۆماری عێراق، داوایان لێ دەکات بە هەموو شێوەیەک ڕێگری بکەن لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم، کەرخی ئاڵتی برماغ، سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان، بۆ (باسنیوز) گوتی: "بە هیچ شێوەیەک نووری مالیکی بۆی نییە فەرمان بە تورکمانەکان بکات و ئەو دەبێت لەسەر پرسی کەوتنی مووسڵ ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە و هۆکاری کەوتنی موسڵ بۆ خەڵک ڕوون بکاتەوە، تورکمانەکان بۆچوونیان دیارە لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان لەسەر پرسی رێفراندۆم بڕیاری خۆیان داوە و ئەوەش کە دوای نووری مالیکی دەکەوێت، خۆی بەرپرسیارە و تەعبیر لە هەموو تورکمانەکان ناکات، بۆیە ئێمە بە هەموومانەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەو پرسە سەر بکەوێت تا جارێکی دیکە ئەوەی بەسەر پێکهاتە جیاوازەکاندا هات، بەدەستی نووری مالیکی دووبارە نەبێتەوە".
ئەوەشی خستە ڕوو: "دوابەدوای قسەکانی نووری مالیکی و کۆبوونەوەکانی تورکمانەکان هەڵوێستی جددییان دەبێت".
هاوکات، ماجید عوسمان، سەرۆکی لیستی هەولێری تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، گوتی: "هیچ کەسێک بۆی نییە تەحەدا لەسەر تورکمانەکان بکات، یان بیەوێت فەرمانیان پێ بکات و ئەوەی هەیە تەنیا خۆخەڵەتاندنە بەناوی تورکمانەوە کە سەردانی نووری مالیکی بکەن و فەرمانیان پێ بکەن، بۆیە ئاگاداری هەموو لایەک دەکەینەوە کە ئێمە وەک گەلی تورکمان لەگەڵ ڕیفراندۆمین و هیچ کەسێک بۆ نییە لەدژی ڕیفراندۆم بوەستێتەوە و کەسانی وەک نووری مالیکی دەبێت ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە".
هەر لەم پێوەندییەدا محەمەد ئێڵخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان،گوتی: "نووری مالیکی دەیەوێت تورکمانەکان بکاتە کارتی فشار بۆ ڕێگری لە پرۆسەی ریفراندۆم، بەڵام هیچ کاتێک تورکمانەکان ناکەونە ژێر کاریگەریی کەسانی وەک مالیکی و ئەو کەسانەش لەگەڵ ئەو ڕایەن، تەعبیر لە بۆچوونی هەموو تورکمان ناکەن، چونکە گەلی تورکمان شانبەشانی گەلی کوردستان وەک پێکهاتەیەکی جیاواز لەسەر خاکی کوردستان خەباتیان کردووە و ئێستاش لە خەباتکردن بەردەوامین تا ئەوکاتەی مافی گەلی کوردستان بەدەست دێت".
باسنیوز
