مامۆستایان ئاینیی: لە ریفراندۆمدا دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان دەدەین
مەلا عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان راگەیاندووە، کە لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 9\8\2017یاندا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بارزانی دڵنیای کردوونەتەوە کە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ”لە کات و ساتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت“.
مەلا عەبدوڵڵا وەیسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە، مامۆستایانی ئاییی ئیسلامیی کوردستان ”بەشێوەیەکی گشتی“ پشتگیریی خۆیان بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دووپات کردووەتەوە و لە رۆژی 25ـی ئەیلولیشدا بە (بەڵێ) بەشداریی ریفراندۆم دەکەن.
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە مامۆستایانی ئیسلامی بە درێژایی مێژوو کاریگەرییان لەسەر پرسە نەتەوەییەکانی کوردستان هەبووە و لە پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیش، ”پشتیوانی“ی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکەن.
وەک لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
باسنیوز
