زانایەکی ئایینی: کورد وەک عەرەب و تورک مافی دەوڵەتی ھەیە
زانایەکی ئایینی لە شاری سلێمانی، رای دەگەیەنێت، کە لەڕوانگەی ئیسلامەوە ئەو مافەی بۆ تورک و عەرەب دانراوە، بۆ گەلی کوردیش ھەیە، بۆیە پێویستە گەلی کوردیش دەوڵەتی خۆی ھەبێت.
ئەحمەد قامیشی، زانای ئایینی لە شاری سلێمانی، راگەیاند: "کوردی مافی دەوڵەتی وەک ھەر گەلێکی دیکە ھەیە، ئەوەشی تاکو ئێستا لە بەرامبەر میللەتی کورد کراوە، بۆ پەکخستنی سەربەخۆیی کوردستان، کارێکی دوورە لە ئایینەوە".
ئەو زانا ئایینییە، جەختی لەوەش کردەوە: "پێویستە گەلی کورد ئازاد بێت، چونکە ھیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو گەل و نەتەوانەی کە ئێستا خاوەنی کیانی سەربەخۆن، بۆیە نابێت گەلی کورد ھاووڵاتی پلە دوو بێت، دەبێ وەک ئەو نەتەوە جیاوازانەی خاوەنی دەوڵەتی خۆیانن، ھاووڵاتی پلەیەک بێت، ھەر بۆیە ئەوەی بۆ ئەوان ھەیە دەبێ بۆ ئێمەش ھەبێت، ھەروەھا ھەر گەل و کۆمەڵێک پێی ناخۆش بێ و دژایەتی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان بکات، ئەوە لەگەڵ بنەما ئایینییەکان ناکۆکە، چونکە خوای گەورە جیاوازی دەنگ و ڕەنگەکانی نەکردووە، گرنگ ئەوەیە ئێمە ھەموومان بە تەبایی و بە برایەتی بژین".
ئاماژەی بەوەش دا: "دەبوایە لە ساڵی 2003 ریفراندۆم بکرایە و سەبەخۆی کوردستان ڕابگەیەندرایە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێستا دەیبینین پرسی نەتەوەیی بووە بە قوربانی ململانێی سیاسی، ماوەی 26 ساڵە ئەو ململانێیە زەرەری بە کوردایەتی گەیاندووە، تەمەنای ئەوەش دەکەین ھەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەکەینەوە، ھەچەندە خەڵک ھەیە دەنگی (نەخێر)ە بۆ ڕیفراندۆم، ئەوەش حاڵەتێکی ئاساییە بۆچوونی جیاواز ھەبێ باشترە دواجار ھەرشتێک لەگەڵ بەرژەوەندی گشتی بێت، ئایینی پیرۆزی ئیسلام پشتیوانی دەکات".
ئەحمەد قامیشی، گوتیشی: "ریفراندۆم ئەگەر بۆ بەرژەوەندی گشتی بێت، دەبێ ھەموومان پشتگیری لێ بکەین، چونکە ئەو ھەموو شەھید و قوربانییەمان بۆ سەربەخۆی و ئازادی کوردستان بەخشیوە، ئەگەر ئێستا نەبین بەدەوڵەت ئەی چ کاتێک خاوەنی وڵاتی سەربەخۆیی خۆمان بین؟".
bas news-
