هەکاری: حەفتەی دابێ دەچینە بەغدا؛ پەیامی ریفراندۆمیان پێڕادەگەیەنین

هەکاری: حەفتەی دابێ دەچینە بەغدا؛ پەیامی ریفراندۆمیان پێڕادەگەیەنین
نوێنەری مەسیحییەکانی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەڵێت، ھەفتەی داھاتوو سەردانی بەغدا دەکەن و ڕۆژی شەممەش بۆ ئامادەکاریی ئەو سەردانە کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدەن و، کە دەچنە بەغدا، ھۆکاری ئەوە بۆ بەغدا ڕوون دەکەنەوە، کە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن، چونکە ھیچ ئومێدێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەماوە.

پێش دوو ڕۆژ لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان کۆ بووە و تێیدا شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدای پەسەند کرد و دوێنێش ئەوشاندە لە نێوخۆیاندا لە ماڵی (ڕۆژ نووری شاویس) کۆ بوونەوە و بڕیاریش دراوە، ھەفتەی داھاتوو ئەو شاندە سەردانی بەغدا بکات
.
نوێنەری مەسیحییەکانی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، (رۆمیۆ ھەکاری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوێنێ شاندی ھەرێم بۆ بەغدا دیاری کرا و باسی ھەندێک خاڵ کرا بۆ ئەجیندانی سەردانەکە و باسی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان کرا و ڕۆژی شەممە، پێش سەردانەکە کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدەین، بۆ ئەوەی بزانین لەگەڵ چ لایەنێک کۆ بینەوە و جگە لەوەش، لەو کۆبوونەوەیەدا ڕۆژی سەردانەکەش دیاری دەکەین، کە ئەویش ھەفتەی داھاتوو دەبێت.''

(رۆمیۆھەکاری) گوتی: ''ئێمە لەو سەردانە باسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەکەین و باسی ئەو ھۆکارانە دەکەین، کە سەرکردایەتیی کوردیان گەیاندووتەوە ئەو بڕوایەی پرۆسەی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات، بۆ نموونە، ئەو کێشانەی بەغدا ماوەی ١٠ ساڵە بەڵێن دەدات و چارەسەری نەکردوون، لەوانە کێشەی نەوت و گاز و کێشەکانی دیکە، بۆیە ھیچ ئومێدێک نەماوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پرۆسەی ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەین.''

دەربارەی ئەوەی تا چەند بەغدا وەڵامێکی ئیجابیی دەربارەی داواکاریی کورد بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم دەبێت، (ھەکاری) ڕوونی کردەوە: ''تاوەکو گفتوگۆ نەکەین، نازانین ھەڵوێستیان چۆن دەبێت، بەڵام بە لای کەمەوە، پێویستە دوو سێ دانیشتن بکەین، ئەوکات ئەنجامەکەی ئاشکرا دەبێت.''

(هەکاری) زیاتر گوتی: ''مەرج نییە تەنیا سەردانێک بۆ بەغدا بکەین و ڕەنگە چەندین سەردان بکەین، تا دەگەینە ڕێککەوتنێک، ئەمەش لەسەر ئەنجامی سەردانەکان دەمینێتەوە، چونکە بە دانیشتنێک ناتوانین بگەینە ئەنجام.''

شاندەکەی ھەرێمی کوردستان لە نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی و نوێنەری مەسیحییەکان و نوێنەری تورکمانەکان و نوێنەری کوردانی ئێزدی پێک دێت .
kdp-
Top