هەکاری: حەفتەی دابێ دەچینە بەغدا؛ پەیامی ریفراندۆمیان پێڕادەگەیەنین
پێش دوو ڕۆژ لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان کۆ بووە و تێیدا شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدای پەسەند کرد و دوێنێش ئەوشاندە لە نێوخۆیاندا لە ماڵی (ڕۆژ نووری شاویس) کۆ بوونەوە و بڕیاریش دراوە، ھەفتەی داھاتوو ئەو شاندە سەردانی بەغدا بکات
.
نوێنەری مەسیحییەکانی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، (رۆمیۆ ھەکاری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوێنێ شاندی ھەرێم بۆ بەغدا دیاری کرا و باسی ھەندێک خاڵ کرا بۆ ئەجیندانی سەردانەکە و باسی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان کرا و ڕۆژی شەممە، پێش سەردانەکە کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدەین، بۆ ئەوەی بزانین لەگەڵ چ لایەنێک کۆ بینەوە و جگە لەوەش، لەو کۆبوونەوەیەدا ڕۆژی سەردانەکەش دیاری دەکەین، کە ئەویش ھەفتەی داھاتوو دەبێت.''
(رۆمیۆھەکاری) گوتی: ''ئێمە لەو سەردانە باسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەکەین و باسی ئەو ھۆکارانە دەکەین، کە سەرکردایەتیی کوردیان گەیاندووتەوە ئەو بڕوایەی پرۆسەی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات، بۆ نموونە، ئەو کێشانەی بەغدا ماوەی ١٠ ساڵە بەڵێن دەدات و چارەسەری نەکردوون، لەوانە کێشەی نەوت و گاز و کێشەکانی دیکە، بۆیە ھیچ ئومێدێک نەماوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پرۆسەی ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەین.''
دەربارەی ئەوەی تا چەند بەغدا وەڵامێکی ئیجابیی دەربارەی داواکاریی کورد بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم دەبێت، (ھەکاری) ڕوونی کردەوە: ''تاوەکو گفتوگۆ نەکەین، نازانین ھەڵوێستیان چۆن دەبێت، بەڵام بە لای کەمەوە، پێویستە دوو سێ دانیشتن بکەین، ئەوکات ئەنجامەکەی ئاشکرا دەبێت.''
(هەکاری) زیاتر گوتی: ''مەرج نییە تەنیا سەردانێک بۆ بەغدا بکەین و ڕەنگە چەندین سەردان بکەین، تا دەگەینە ڕێککەوتنێک، ئەمەش لەسەر ئەنجامی سەردانەکان دەمینێتەوە، چونکە بە دانیشتنێک ناتوانین بگەینە ئەنجام.''
شاندەکەی ھەرێمی کوردستان لە نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی و نوێنەری مەسیحییەکان و نوێنەری تورکمانەکان و نوێنەری کوردانی ئێزدی پێک دێت .
kdp-
