چاودێرانی سیاسی: سەربەخۆییی کوردستان لە بەرژەوەندیی عێراقیشە

چاودێرانی سیاسی: سەربەخۆییی کوردستان لە بەرژەوەندیی عێراقیشە
چاودێرانی سیاسی دەڵێن، زۆر گرینگە لەگەڵ بەغدا قسە بكەین و دەبێ لەوە تێبگەن, كە گەلی كورد بۆچی بەرەو ڕیفراندۆم هەنگاو دەنێت، ئەو شاندەی كە دەچێ بۆ بەغدا دەنگی خەڵكی كوردستانە و داوای مافی خەڵكی كوردستان دەكەن. بەغداش ئامادەیە لەگەڵ ئەو شاندە دابنیشێت، ئەوەش شتێكی ئیجابییە.

(دیندار دۆسكی)، سیاسەتمەداری كورد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''ئەو شاندەی سەردانی بەغدا دەكات زۆر گرینگە، چونكە كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدایە، ئەوەی كە پێویستە ئێمە قسەی لەگەڵ بكەین، بەغدایە، لەگەڵ ئەوەی ئەو شاندە لە زۆربەی حزب و لایەنەكان و پێكهاتەكان پێكهاتووە، بۆیە زۆر گرینگە لەگەڵ بەغدا قسە بكەین، كە ڕیفراندۆم مافی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، یاسا نێودەوڵەتییەكانیش ئەو مافەیان بە هەموو گەلان داوە، یەكێك لەو گەلانەش گەلی كوردە، كە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات. دەبێ سەرانی عێراق لەوە تێبگەن، كە گەلی كورد بۆچی بەرەو ڕیفراندۆم هەنگاو دەنێت، كە ئەوە هەمووی دەگەڕیتەوە بۆ فەشەلی سیاسی و ڕەچاونەكردنی ڕێككەوتنەكان و دەستوور و بڕینی بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان لە لایەن عێراقەوە. لە عێراقی نوێدا هیچ گرنتیەك نییە، هەمان عەقڵییەتی پێشترە، كە ئەمڕۆ حوكم دەكات و گەف لە هەرێمی كوردستان دەكەن، ئێمەش خەباتمان بۆ ئەوە نەكردووە، عێراقی نوێ هەمان سیاسەتی عێراقی كۆن بەرامبەر بە كورد پەیڕەو بكات.''

(دیندار دۆسكی) ئاماژەی بەوەش كرد: پێم وایە تێگەیشتنێكی باش لە نێوان ئەوان و شاندی كورددا دەبێت، چونكە ئەو شاندە دەنگی خەڵكی كوردستانە و داوای مافی خەڵكی كوردستان دەكات، بەغداش ئامادەیە لەگەڵ ئەو شاندە دابنیشێت، ئەوەش شتێكی ئیجابییە، سەرۆكوەزیران ئامادەییی خۆی نیشان داوە، ئەوەش شتێكی باشە، هێزە سیاسییەكانیش ئامادەن، گوێ لە داواكانی خەڵكی كوردستان بگرن، لە بەرژەوەندیی هەر دوولادایە، كە كورد سەربەخۆ بێت، چونكە ئەوە بۆ سەدەیەك دەبێت عێراق لەژێر ئەو كێشەیەدا دەناڵێت، ئەوەش بۆ ئەوەیە، كە ئەوان لە ئێمە تێبگەن، كە گەلی كورد چی دەوێت و بۆچی دەیەوێت جیا ببێتەوە.''

لە لایەكی دیكەوە (ئازاد سرێشمەیی)، چاودێری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''چەندین جار شاند چوونەتە بەغدا بۆ ئەوەی بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەن، بەڵام ئەوان دوای چەندین بەڵێن و ڕێككەوتن پێگرییان پێوە نەكردووە و كێشەكان چارەسەر نەبوونە، بەڵام ئەمجارە ئامانجی سەردانەكە ئەوەیە كە ئەو ترس و نیگەرانییەی بەغدا لە بەرامبەر ڕیفراندۆمدا هەیەتی، ئەو ترس و نیگەرانییە بڕەوێتەوە، كە ئەوە مافێكی سروشتیە، میللەت ڕای خۆی دەدات، كە دەیەوێت دەوڵەتێكی سەربەخۆی هەبێت، یان لەگەڵ عێراق بمێنێتەوە، ئەو مافەش مافێكە بە پێی دەستوور، ڕێگەی پێ دراوە و هیچ یاسایەك لە عێراق نییە، دژی ڕیفراندۆم بێت، دواتر عێراق خۆی ئەندامێكە لە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە نەتەوە یەكگرتووەكانیش بەڵێنامەیەك هەیە، هەموویان ئیمزایان لەسەر كردووە، كە میللەتان مافی خۆیانە ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن و داوای مافی خۆیان بكەن. ئەو شاندە ئامانجی ئەوەیە، كە ئەوانە بۆ بەغدا ڕوون بكاتەوە، ترسییان لە بەرامبەر ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان نەبێت، پێیان بڵێن دەكرێت لە داهاتوودا دوو جیرانی باش بین لەگەڵ یەكدی.''
kdp-
Top