پرۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل: سەربەخۆیی هەنگاوی باشی بڕیوە

 	 پرۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل: سەربەخۆیی هەنگاوی باشی بڕیوە
پڕۆفیسۆر (خەلیل ئیسماعیل) دەڵێ، ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان ڕووداوێکی گەورەیە لە ناوچەکەدا و نابێ ھەرێمی کوردستان لێی پاشگەز بێتەوە و دەشڵێت، ھەنگاوی باش نراوە بۆ سەربەخۆییی کوردستان.

پڕۆفیسۆر (خەلیل ئیسماعیل)، مامۆستای زانکۆ و شارەزای جیوگرافیای سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە ھۆی ئەو بارودۆخەی ئێستا ناوچەکە و عێراق تێیدا دەرباز دەبێت، ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی، کاری زۆری دەوێت، بۆی بکرێت و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانیش ھەنگاوێکی باشیان ناوە، تا کار لەسەر ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی بکەن، بەتایبەت بۆ زیاتر بەدەستھێنانی پشتیوانی لە ڕیفڕاندۆم، من گەشبینم بە ھەنگاوەکانی نێوخۆی کوردستان لەبارەی پرسی سەربەخۆیی، ئەوانەیشی دژی ڕیفڕاندۆمن پێویستە کۆمیتەی باڵای ڕیفڕاندۆم و ھەموو لایەنەکان بە سینگێکی فراوانەوە وەری بگرن، چونکە پێم وایە بەرەی دژە ڕیفڕاندۆم، یان کێشەی شەخسییان ھەیە، یانیش پاڵپشتی ئیقلیمی ھانیان دەدات دژی سەربەخۆیی بن.''

ریفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان بڕیارە لە ٢٥ی ئەیلوولدا بەڕێوە بچێت و ئێستا جیھان و ناوچەکە چاوەڕێی ئەو ڕووداوە دەکەن، چونکە بۆ جاری یەکەمە بەو شێوەیە خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان بڕیاری کۆتاییی خۆیان داوە، کە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.

لەبارەی کاتی ڕیفڕاندۆمیش ئەو پڕوفیسۆرە گوتی: ''لەبەرچاوی ھەموو دنیا (سەرۆک بارزانی) ئەوەی دووپات کردووەتەوە، کە پاشگەزبوونەوە نییە و ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول خەڵکی کوردستان بڕیاری خۆیان دەدەن، چونکە ئەو ڕێکەوتە ھەر بە شێوەیەکی ئاسایی دیاری نەکراوە، زۆر شتی دیکە ھەیە لەو کاتەدا لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە ڕوو بدات.''

(خەلیل ئیسماعیل) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئەگەر ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان پاشگەز نەبینەوە، ئەوە ھەموو کۆمەڵی نێودەڵەتی دەزانێت ئێمە چیمان دەوێت و ڕژدین لەسەر داواکاریی خۆمان، ئەوانیش ئەوکات مامەڵە لەگەڵ ئێمە دەکەن و پرسەکە دەبێتە نێودەوڵەتی، مادام کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە لە مانگی ئەیلوولدا پڕۆسەکە بەڕێوە ببات، ھیچ پەیوەندی بە لایەنی عێراقی و نێودەوڵەتییەوە نییە، خۆ ئەوان کات بۆ ئێمە دیاری ناکەن، زۆر ئاسایییە عێراق داوای دواخستنی ڕیفڕاندۆم بکات، لەبەر ئەوەی ئەوان لەوانەیە بە شتێکی گەورەی لەسەر خۆیان بزانن، بەڵام بۆ ئێمە ڕیفڕاندۆم پیرۆزە و پێداگر دەبین لەسەر ئەنجامدانی.''
kdp-
Top