مەلا عەبدوڵڵا وەیسی: سەرۆک بارزانی دڵنیای کردینەوە کە ڕیفراندۆم لە کات و ساتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت

مەلا عەبدوڵڵا وەیسی: سەرۆک بارزانی دڵنیای کردینەوە کە ڕیفراندۆم لە کات و ساتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلام ڕایگەیاند، (سەرۆک بارزانی) لە گوتاری ئەمڕۆیدا دڵنیای کردینەوە، لە کات و ساتی خۆیدا ڕیفراندۆم دەکرێت.

(مەسعوود بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵڵا)ی شاری هەولێر، لەگەڵ زانایانی ئایینیی ئیسلام کۆ بووەوە.

(سەرۆک بارزانی) لە گوتاریدا بۆ مامۆستایانی ئایینیی ئیسلام ڕایگەیاند: ''ڕیفراندۆم هی تاکە کەسێک نییە و هی هەموو حزبێک و هەموو خەڵکی کوردستانە". لە گوتارەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌ باره‌ی پێشێلكردنی ده‌ستووری عێراقیشه‌وه‌ روونی كرده‌وه‌، له‌ دوای ٢٠٠٣، حكوومه‌تی عێراق، نزیكه‌ی ٥٥ مادده‌ی ده‌ستووری پێشێل كردووه‌، كه‌ زۆرینه‌ی گه‌لی عێراق ده‌نگی پێداوه‌، هاوكات سووننه‌ و كوردیش په‌راوێزخراون.

سەبارەت بە گوتاری ئەمڕۆی (سەرۆک بارزانی)، (مەلا عەبدوڵڵا وەیسی)، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلام، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەم کۆبوونەوەی ئەمڕۆی (سەرۆک بارزانی) و مامۆستایانی ئایینیی بۆ ئەوە بوو، کە لە نیزیکەوە مامۆستایانی ئایینی لەسەر بارودۆخی کوردستان و ڕیفراندۆمی کوردستان ئاگادار بکاتەوە و (سەرۆک بارزای) دڵنیایی کردینەوە کە ریفراندۆم لە کات و ساتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.''
(سەرۆک بارزانی) تیشکی خستە سەر پرسە هەستیارەکان، لەوانە بۆچی پەنامان بردووەتەبەر ڕیفراندۆم و ڕایگەیاند: ''پێکەوەژیان و شەراکەتی ڕاستەقینە لە عێراقدا نەماوە، ئەو سیاسەتەی بەغدا زیاتر بۆ پەراوێزخستنی گەلی کوردستانە.''

(مەلا عەبدوڵڵا وەیسی) دەڵێت: ''مامۆستایانی ئایینی بە شێوەیەکی گشتی پشتیوانییان بۆ ئەو هەنگاوە دووپات کردەوە، کە لەگەڵ سەربەخۆییی کوردستانن، لەگەڵ ڕیفراندۆمن و پشتیوانیی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکەن.''

(وەیسی) دڵنیایی دا: ''مامۆستایانی ئایینی چۆن لەسەر پرسە نەتەوەییەکان ڕۆڵی کارایان هەبووە، لە ڕۆژی ٢٥ی ٩ی ئەم ساڵیشدا، بە (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان پشتیوان دەبن.''

لەبارەی ئەوانەیشی کە دەڵێن نەخێر و هەڵوێستی ئەو وڵاتانەی داوای دواخستنی ڕیفراندۆم دەکەن، (سەرۆک بارزانی) گوتی: ''ئەوانەی داوای دواخستنی ڕیفراندۆم دەکەن، با بێن بە خەڵکی کوردستان بڵێن، بۆ دوا بخرێت و گەرەنتی بۆ ئایندەمان چییە.''

( مەلا عەبدوڵڵا وەیسی)، ئەوەی خستەڕوو: ''لەسەر نەبوونی شەراکەت لە عێراقدا، (سەرۆک بارزانی) زۆر بە ڕوونی باسی لەوە کرد، کە عێراقی تازە ئەو عێراقە نەبوو، کە تموحمان بێت، ئێمە گوتمان هاوکاریتان دەکەین بۆ دووبارە بنیادنانەوەی عێراق، کەچی کە کەوتنە سەرپێی خۆیان، خێرا بەڵێن و قسەکانیان بیر چووەوە و کەوتنە دژایەتیکردنی مافی گەلی کوردستان و دوورخستنەوەی کوردستان لە پرۆسەی سیاسی و پەراوێزخستنی کورد، کە ئەمەش نیگەرانیی ئێمە بوو، بۆیە ئێستا ئەم بڕیارە دەدەین، بڕیاری خەڵکە و خەڵک چۆن بڕیار دەدات، دەبێ قبووڵ بکرێت.''

(مەلا عەبدوڵڵا) ئاماژەیشی دا: ''مامۆستایانی ئایینی، پشتیوان و پشتگیری قسەکانی (سەرۆک بارزانی) بوون.''
kdp-
Top