ھەفتەی داھاتوو داواکاری بۆ وەرگرتن بەسیستەمی راستەوخۆی زانکۆیی دەست پێ دەکات
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بەسەرکەوتوی توانرا سیستەمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی لە زیاتر لە ١٠٠ بەشی زانستی جێبەجێ بکرێ، بۆیە وەزارەتەکەمان بڕیاری فراوانکردنی ئەو سیستمەی دا، بۆ ئەمساڵی خوێندن ٣٧٧ بەشی زانستی بەسیستەمی وەرگرتنی راستەخۆی زانکۆیی قوتابی وەردەگرن، جگە لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی، ئەندازیاری، بەشی یاسا، بەشەکانی زیندەوەرزانی، کیمیا و کۆمپیوتەر لە کۆلێژەکانی زانست، بەشی زمانی ئینگلیزی لە کۆلێژ و سکوڵەکانی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئەدەبیات کە وەک ساڵانی پێشوو لە ڕێگەی (زانکۆلاین) قوتابیان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، کە دواتر لەلایەن وەزارەتەوە کاتی کارابونی ڕادەگەیەنرێت".
گوتەبێژی خوێندنی باڵا، ئەوەشی خستەڕوو: "لەوەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی ڕێژەی ٣٠%ی کۆنمرە بۆ تاقیکردنەوەی بەش یان کۆلێژە دەبێت، ڕێژەی ٧٠%ی کۆنمرەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی ھەژمار دەکرێت، کەمترین کۆنمرەی پێشبڕکێش بۆ کۆلێژ ٦٥% و بۆ پەیمانگە ٦٠%ە، لەھەمان کاتدا بۆ بەشەکانی ھونەر و وەرزش قوتابیان بەکۆنمرەی (٦٠%) دەتوانن بچنە پێشبڕکێی وەرگرتن".
ئاشکراشی کرد: "ئەو قوتابیانەی کە بە سیستەمی ڕاستەوخۆیی زانکۆیی وەردەگیرێت، دواتر ناتوانێت دابەزین و گواستنەوە ئەنجام بدات، چونکە لەسەر بنەمای ئارەزوو، لێھاتوویی و تاقیکردنەوە وەردەگیرێت".
عەباس ئەکرەم، گوتیشی: "قوتابیان دەتوانن لە ڕێککەوتی 15/8/2017ەوە سەردانی ئەو کۆلێژ و پەیمانگەیانە بکەن کە ئارەزووی دەکەن، ھاوکات لەیەک کاتدا دەتوانن داواکاری بۆ سێ بەشی جیا پێشکەش بکەن، تاقیکردنەوە بۆ وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی لە ڕیککەوتی ١٦ تاکو ٢١/٩/٢٠١٧ لەلایەن لێژنەی زانستی بەشەوە ئەنجام دەدرێت، ئەنجامەکانیش بەشێوەی بەرایی لە ڕێککەوتی ٢٤/٩/٢٠١٧ بڵاودەکرێتەوە، ماوەی ھەفتەیەکیش بۆ تانە لێدان لەئەنجامەکان دانراوە".
باسنیوز
