وەزارەتی ئەوقاف: خەڵکی کوردستان زۆر لەوە ھۆشیارترن بکەونە ژێر کاریگەری کەمپینی (نەخێر)
شێخ ئیبراھیم محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی (بەوەکالەت)، ڕایگەیاند: "پێکھێنانی کەمپینی (نەخێر)، زیانی بۆ خۆدی ئەو کەسانە ھەیە، کە بەشداری کەمپینەکەیان کردووە و دژی سەربەخۆیی کورستانن، بۆیە ناتوانن کاریگەری لەسەر خەڵکی کوردستان دروست بکەن، بەو ڕادەیەی بڵێن دەنگی (بەڵێ)، بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کەم دەبێتەوە".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ئەوقاف، ئەوەشی خستە روو: "خەڵکی کوردستان زۆر لەوە ھۆشیارترن کە بکەونە ژێر کاریگەری ئەو کەسانە و شوێن قسەی ئەوان بکەون، چونکە دەنگی (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لەبەرژەوەندی خەڵک دایە، نەک (نەخێر)".
ئاشکراشی کرد: "کەمپینەکەی شاسوار عەبدولواحید، ئەو کەسانەی لەگەڵی دان، رۆڵێکی ئەوتۆیان نابێت، ھەروەھا ناشتوانن ڕێژەی دەنگی (بەڵێ) کەم بکەنەوە".
باسنییوز
