لە سلێمانی ماتۆرسکیلی قەبارە بچووک و بێ ژمارە قەدەغە دەکرێن
ئەمڕۆ چوارشەممە 9/8/2017 لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لێپرسراوانی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی سلێمانی، ژووری بازرگانیی سلێمانی و چاودێریی بازرگانی سلێمانی، ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی تاوتوێی مەرجەکانی ھێنان و مامەڵەکردن بە ھەموو جۆرەکانی ماتۆرسکیلەوە کرد و ڕایگەیاند: "بەھۆی زۆربوونی جۆر و ژمارەی ماتۆرسکیل لە پارێزگای سلێمانی زۆر جار گرفتی ھاتوچۆ لە بەردەم شۆفێران و ھاووڵاتییاندا دروست دەبێت".
گوتیشی: "بۆ ڕێکخستنەوەی شەقامەکانی سلێمانی و سەلامەتیی گیانی سەرنشینان و ھاووڵاتییان، بڕیارمان داوە پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکانی ھاوردەکردن و مامەڵەکردن بە جۆرەکانی ماتۆرسکیلەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا بکرێن، پاش ئاراستەکردنی بۆ لایەنی پەیوەنیدار، کار بەم مەرج و ڕێنماییە نوێَیانە بکرێت".
دوای تاوتێکردنی مەرج و ڕێنماییەکان، ھەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی، گەیشتنە ئەو بڕیارەی کە لەمەودوا بەپێی ئەم مەرج و ڕێنماییانە مامەڵە لەگەڵ ماتۆرسکیلدا بکرێت.
مەرج و ڕێنماییەکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
1- پێویستە سەرجەم پێشانگەکانی فرۆشتنی ماتۆرسکیل قەبارە (CC125) و زیاتر مۆڵەت وەربگرن لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی و بەپێی یاسای دەڵاڵی ژمارە (58)ی ساڵی 1987، بە بوونی ڕەزامەندیی فەرمیی لایەنی پەیوەندیدار.
2- پێشانگەکانی فرۆشتنی ماتۆرسکیلی قەبارە (CC125) و زیاتر مامەڵە بەو ماتۆرسکیلانەوە بکەن، کە بە پێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکانی ھەرێمی کوردستان ڕێگەیان پێ دراوە.
3- بە ھەموو شێوەیەک بەکارھێنانی ماتۆرسکیلی بێ ژمارە قەدەغەیە و دەستی بەسەردا دەگیرێت.
4- بە ھەموو شێوەیەک ھاوردەکردن, کڕین، فرۆشتن و بەکارھێنانی ماتۆرسکیلی کەمتر لە قەبارە (CC125) قەدەغەیە، جگە لەوانەی لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، ڕێگەیان پێ دراوە.
5- ماوەی 30 ڕۆژ دەدرێتە خاوەنی پێشانگەکانی تایبەت بە فرۆشتنی ماتۆرسکیلی قەبارە (CC125) و زیاتر بەدەرھێنانی مۆڵەت, بە پێچەوانەوە ھەر پێشانگەیەک پابەند نەبێت، شوێنەکەی دادەخرێت و ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێتەوە.
6- ماوەی 30 ڕۆژ دەدرێتە خاوەنی ماتۆرسکیلی قەبارە (CC125) و زیاتری بێ ژمارە، ئەوانەی مەرجەکانی تۆمارکردنیان تێدایە بەمەبەستی تۆمارکردن.
7- ماوەی 30 ڕۆژ دەدرێتە خاوەنی ماتۆرسکیلی قەبارە (CC125) و زیاتر بێ ژمارە، ئەوانەی کە مەرجەکانی تۆمارکردنیان تێدا نییە، ھەروەھا ماتۆرسکیلی قەبارە (CC125) کەمتر ببرێنە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان, بە پێچەوانەوە لەکاتی پابەندنەبووندا، ھەموو ئەو جۆرە ماتۆرسکیلانە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
8- بەڕێوەبەرایەتیی گومرگ و پاسەوانی سنوور بازگەکان، نابێت ڕێگە بە ھاتنەناوەوەی ئەو جۆرە ماترۆسکیلانەی کە ھاتنەناوەوەیان قەدەغە کراوە، بدەن.
9- پێویستە سەرجەم بەکارھێنەرانی ماتۆرسکیلەکان پێداویستییەکانی سەلامەتی (SAFETY) بەکار بھێنن.
10- سەرجەم لایەنە پەیوەندارەکان ئەم پێشنیارانە بەپێی تایبەتمەندییان جێبەجێ بکەن.
11- پێشنیارەکە بخرێتە بەردەم پارێزگار بە مەبەستی پەسەندکردنی و گشتاندنی بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی سنووری کارگێڕیی پارێزگای سلێمانی.
باسنيوز
